رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەبارەی خۆپێشاندانەکانی ئێرانەوە هۆشداریدا

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە لەبەرچاوگرتنی “سەرکوتکردنی فراوانی” خۆپێشاندەران لە ئێران، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لەوبارەیەوە “کارێکی مانادار” بکات.
ئەو رێکخراوەی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ دەڵێ، ئەو ناڕەزایەتیانەی دوای کوشتنی مەهسا ئەمینی دەردەبڕدرێن کە گوزارشت لە رادەی توورەیی خەڵک لە باڵاپۆشی زۆرەملێ و کوشتن و سەرکوتکردنی فراوانە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە زۆر بە توندی وەڵام دەدرێنەوە.

رێکخراوەکە داوای هەوڵێکی نێودەوڵەتی بۆ پێشگرتن لە خوێنڕشتنی زیاتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەکات.

لێبوردنی نێودەوڵەتی بە پشتبەستن بە بەڵگەکانی، دووپاتیکردووەتەوە کە لە ماوەی دوو شەوی رابردوودا (21 و 22ـی ئەیلول) لە 20 شار و 10 پارێزگادا، هێزە ئەمنییەکان تەقەی راستەخۆیان لە خۆپێشاندەران کردووە و لە ئەنجامدا “بەلانی کەمەوە 30 کەس کە چواریان مێرمنداڵ بوونە، گیانیان لەدەستداوە”.

هەڵبەت شەوی هەینی (23ـی ئەیلول) تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە کە 35 کەس لە خۆپێشاندانەکاندا، کوژراون.
هەر رۆژی هەینی، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران لە ئەمەریکا گەڕایەوە و لە فرۆکەخانەی تاران، هەڕەشەی لە خۆپێشاندەران کرد و گوتی، “لە هیچ بارودۆخێکدا رێگە نادەین ئەمنیەتی خەڵک و وڵاتمان، تووشی مەترسی بێت”.

دڵخوازەكانتان