“سێ جۆر گۆڕانكاری بەسەر نرخی سزای نوێنەكردنەوەی مۆڵەتی شۆفێریدا هاتووە”

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بەپێی ئەو سیستمەی بۆ نوێكردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری دەركراوە و كاری پێدەكرێت بۆ لەمەودوا هەر شۆفێرێك مۆڵەتەكەی بەسەر بچێت و نوێی نەكاتەوە بۆ هەر مانگێك پێنج هەزار دینار سزای دارایی لەسەر ئەژماردەكرێت.

ڕائید فازڵ حاجی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر لێدوانێكدا ڕاگەیاند، سێ جۆر گۆڕانكاری بەسەر نرخی سزای نوێنەكردنەوەی مۆڵەتی شۆفێریدا هاتووە و ئەوەی لە ساڵی 1990 تا 2019 مۆڵەتەكەی بەسەرچووە بڕی 15 هەزار دیناری لێوەردەگیرا، بەڵام دواتر گۆڕانكاری تێدا كراوە بۆ ساڵانی 2020-2021 بۆ هەر ساڵێك كرایە 30 هەزار دینار.

ئاشكرایكرد، بەپێی سیستمە نوێیەكەی كە بۆ سزای بەسەرچوونی مۆڵەتی شۆفێری دەركراوە بۆ هەر مانگێك بڕی پێنج هەزار دینار وەردەگیرێت و پێشتر ئەگەر یەك ڕۆژ و یەك ساڵ بەسەر مۆڵەتەكە ڕۆیشتبێت بڕی 30 هەزار دینارەكە هەر وەردەگیرا، بەڵام ئێستا مانگی یەكەم لێخۆشبوونی بۆ دەكرێت لە مانگی دواترەوە بۆ هەر مانگێك پێنج هەزار دینار سزا دەچێتە سەر ئەو كەسەی مۆڵەتەكەی بەسەر دەچێت.

وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، “ئەگەر كەسێك لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان بێت تا 60 ڕۆژ لێخۆشبوونی بۆ دەكرێت و سزای بەسەرچوونی مۆڵەتەكەی لێوەرناگیرێت و دوای ئەو وادەیە بۆ هەر مانگێك پێنج هەزار دینار سزای دارایی دێتەسەر”.

دڵخوازەكانتان