سێ هاووڵاتی دیکەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژران

لە شارەکانی ورمێ، مهاباد و پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان سێ کەسی دیکە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژران و پارێزگاری سنەش، کوژرانی سێ هاووڵاتیی کوردی پشتڕاست کردەوە.

ئافرەتێکی تەمەن 65 ساڵە بە ناوی هاجەر عەباسی کە رۆژی دووشەممە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار ببوو، بە هۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا. هاوکات لە شاری ورمێ تەقە لە خۆپیشاندەران کرا و لە ئەنجامدا لاوێکی 23 ساڵە بە ناوی فەرجاد دەروێشی بە هۆی بەرکەوتنی فیشەکێک لە سەری، کوژرا. هەروەها لە شاری پیرانشار (خانێ) لاوێکی تەمەن 16 ساڵان بە ناوی زەکەریا خەیال دوای برینداربوونی بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکان، گیانی لەدەستدا.

لە لایەکی دیکەوە ئیسماعیل زارعی کووشا، پارێزگاری سنە، کوژرانی سێ خۆپێشاندەری لەو پارێزگایە پشتڕاست کردەوە، بەڵام رایگەیاند ئەم کەسانە بە چەکێک کوژراون کە بە دەستی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە نییە.

راگەیاندنە ئێرانییەکانیش بڵاویانکردەوە لە شاری کرمان لە ناوەندی ئێران، ئافرەتێک بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە.

جارێکی دیکە خۆپێشاندان لە بەشێکی زۆری شارەکانی ئێراندا بەڕێوەچوو. خەڵک لە کوژرانی ژینا ئەمینی توورەن.

رۆژی 13ـی ئەیلول، ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵان خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ گەشت سەردانی تارانیان کرد. ژینا لەو رۆژەدا بە هۆی “رەچاونەکردنی باڵاپۆشی”، لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تاران دەستگیرکرا و دوای تێکچوونی باری تەندروستی لە بنکەی پۆلیس، رەوانەی نەخۆشخانە کرا. ژینا، دوای سی رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا و رۆژی 17ـی مانگ لە گۆڕستانی ئایچی سەقز لە ناو ئاپۆڕای خەڵکدا بە خاکسپێدرا.

پۆلیسی تاران، رایگەیاندووە کە ژینا بە هۆی “جەڵتەی دڵ” گیانی لەدەستداوە، بەڵام بنەماڵەکەی ئەوەی رەتدەکەنەوە و باوکی ژینا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران، هەموو ئەو قسانەی رەتکردەوە و گوتی، توندوتیژی بەرامبەر بە کچەکەی کراوە.

دڵخوازەكانتان