نێچیرڤان بارزانی بەسەردانێكی فەرمی دەچێتە فەرەنسا
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر داوەتی سەرۆکی فەرەنسا، بەشداریی سەرلەنوێ کردنەوەی کاتێدرالی نۆتردام دەکات لە پاریس .
ژمارەیەک لە سەرۆکەکانی جیهان بەشداری لەو رێوڕەسمەدا دەکەن، لەوانەش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی تازەهەڵبژێردراوی ئەمریکا، کە دوای هەڵبژاردنەوەی، ئەوە یەکەمین سەردانی دەبێت بۆ دەرەوەی ئەمریکا.
تۆڕی میدیای ڕوداو بڵاویكردۆتەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 7ـی ئەم مانگە بەشداری لە رێوڕەسمی سەرلەنوێ کردنەوەی کاتێدرالی نۆتردام دەکات لە پاریس.
رێوڕەسمەکە زۆر گەورە دەبێت و لە ئاستێکی زۆر باڵادا بەڕێوەدەچێت. بەگشتی 50 سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتان تێیدا بەشدار دەبن و یەکێک لە بەشدارەکان سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبێت .
دۆناڵد ترەمپ لە ئەکاونتی خۆی لە تروس سۆشیال دا نووسیویەتی “بە شانازییەوە رایدەگەیێنم کە من رۆژی شەممە دەچمە پاریس، فەرەنسا. بۆ بەشداریکردن لە سەرلەنوێ کردنەوەی کاتێدرالی نایاب و مێژوویی نۆتەردام، دوای تەواو نۆژەنکردنەوەی لە پاش سووتانی بەر لە پێنج ساڵ”.
ئەو کاتێدرالییە تەمەنی 850 ساڵە و یەكێکە لەو شوێنەوارانەی لەلایەن یونسکۆوە بە یەکێک لە شوێنەوارەکانی جیهان ناسێندراوە و، پێنج ساڵ بەر لە ئێستا لە 15ـی نیسانی 2019 سووتا و بورجەکەی رووخا.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی 29-11-2024 سەردانی کاتێدرالییەکەی کرد دوای نۆژەنکردنەوەی و، گوتی نەخشسازەکان کارێکی “ناوازەیان کردووە و “برینێکی نیشتمانی”ـیان چارەسەرکردووە.
ترەمپیش لە پۆستەکەیدا لە سۆشیال میدیادا پەسنی ماکرۆنی داوە و دەڵێ ماکرۆن “کارێکی زۆر تایبەتی کردووە بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی نۆتردام گەڕێندرایەوە و شانازییەکەی و جوانتریش لە رابردوو گەڕاوەتەوە بە نۆژەنکردنەوەی. ئەو رۆژە (شەممەی داهاتوو) رۆژێکی زۆر تایبەت دەبێت بۆ هەمووان”.