باڵوێزی ڕووسیا بۆ سەرۆك بارزانی: بەڕێوەچوونی سەرکەوتوانەی هەڵبژاردن، دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ هەرێمی کوردستان
سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە باڵوێزی ڕووسیا لە عێراق كرد و باس لە هەنگاوەکانی ناو پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و چەند بابەتێكی دیكە كرا.
ئەمڕۆ سێشەممە 3/12/2024، لە سەڵاحەدین، سەرۆک بارزانی، پێشوازیی لە ئیلبروس کوتراشیڤ، باڵوێزی ڕووسیا لە عێراق کرد، لەم دیدارەدا کە مەکسیم ڕوبین، کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، باڵوێزی ڕووسیا پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە سەرۆک بارزانی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە بەڕێوەچوونی سەرکەوتوانەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کەشێکی ئارام و بە بەشداریی ڕێژەیەکی بەرچاوی خەڵک، دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی ئەم دیدارەدا، باس لە هەنگاوەکانی ناو پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا.
پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕالی عێراق و پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.