لە شاری سلێمانی سیمینارێک بۆ ئەفسەر و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان بەڕێوەچوو
لە هەشتەمین رۆژی هەڵمەتی نیشتمانيی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان ، لە سلێمانی سیمینارێک و پانێلێک سازکرا.
لە میانەی ئەو چالاکییانەدا لە هەڵمەتی نیشتمانیی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە کوردستان ئەنجامدراو، لە شاری سلێمانی سیمینارێک بۆ ئەفسەر و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان سازکرا و پانێڵێکیش بۆ بەشیک لە مامۆستایان و قوتابیانی کۆلێژەکان ئەنجامدرا.
لە سیمینارەکەی بۆ کارمەندان و ئەفسەرانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان سازكرابوو، باس لە یاسای بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە کرا، ئەو کەیسانەیان دەستنیشان کرد، کە دەچێتە چوارچێوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.
لە زانکۆی سلێمانیشدا بەشێک لە قوتابیان و مامۆستایان لە رێگەی پانێڵێکەوە باسیان لە جێبەجێکردنی یاساکانی توندوتیژی خێزانی و رەنگدانەوەی لە کۆمەڵگەدا کرد.