دكتۆر مه‌حموود عوسمان: كاك مه‌سعود بارزانی زانیاریی لەسەر دۆخی ناوچەكە هەیە و گرنگه‌ قسه‌كانی به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت

سیاسه‌تمه‌دارێكی دێرینی كوردستان هۆشداری بە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەدات و داوایان لێ دەكات كە نزیكی میلیشیاكان نەكەونەوە و قسەكانی سەرۆك بارزانییش بە هەند وەربگرن.
لەمیانی وتارەكەیدا كە لە كۆڕبەندی مێپس پێشكەشی كرد، سەرۆك بارزانی، ئاماژەی بەوە كرد كە بۆ ئەم دۆخەی ناوچەكە، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كە بە هەر بەهایەك بێت، نابێ عێراق لەو شەڕەدا تووش ببێت یان تێوە بگلێت.
لەمبارەیەوە دكتۆر مه‌حموود عوسمان، سیاسەتمەدار، گوتی: “بابه‌تی لێدان له‌ عێراق له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكا دەوەستێت، چونكه‌ دۆستایه‌تییان زۆره‌. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا بتوانێت نێوه‌ندگیریی بكات و گرووپه‌ چه‌كداره‌كان رابگرێت له‌ عێراق، ئه‌وه‌ شه‌ڕ روو نادات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌یتوانی، ئه‌وه‌ ڕوونە كە ئیسرائیل به ‌مووشه‌ك له‌ گرووپه‌ عێراقییه‌كان ده‌دات.”
جەختیشی كردەوە كە گرنگترین شت بۆ ئەم قۆناغە ئەوەیە عێراق تێوه ‌نه‌گلێت، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت میلیشیكان چه‌ك بكات، چونكە ئه‌م گرووپانه‌ سه‌ر به وڵاتێكی دراوسێن، چه‌كیان له ‌لایه‌ن حكوومەتەوە پێده‌درێت، كەچی ئیسرائیل ده‌كه‌نه‌ ئامانج.
دكتۆر مەحموود هۆشداریی بە لایەنە كوردستانییەكان دا و گوتی: ”ناكرێت هیچ هێزێكی كوردستان نزیكی ئه‌و گرووپانه‌ بكه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ ده‌كرێته‌ ئامانجی هێرش.“
لەبارەی قسەكانی سەرۆك بارزانییش كە لە دوایین وتاریدا لە كۆڕبەندی مێپس پێشكەشی كرد، دكتۆر مەحموود عوسمان گوتی: ”قسه‌كانی كاك مه‌سعود بارزانی له ‌دهۆك روون بوون، دیاره‌ زانیاری و باگراوندی له‌سه‌ر دۆخی ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ گرنگه‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان ئه‌و هۆشدارییه‌ی كاك مه‌سعود بارزانی له‌باره‌ی دۆخی ناوچه‌كه‌ به‌هه‌ند وه‌ربگرن.“

دڵخوازەكانتان