پلاندانانی عێراق: لەم هەفتەیەدا ئەنجامی بەرایی سەرژمێری ئاشکرا دەکەین

گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند “هاووڵاتیان زۆر بە باشی هاوکاریی  بژمێرەکانیان کردووە، ڕەنگە ئەنجامی بەرایی سەرژمێرییش لەم هەفتەیەدا ئاشکرا بکەین.”

عەبدولزەهرا هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ڕاگەیاند “ئەمڕۆ ئێمە لە دووەم ڕۆژی  پرۆسەی سەرژمێریداین” گوتیشی: “پرۆسەکە، تاڕادەیەک سەرکەوتوو بوو، هەروەها هاووڵاتیان زۆر بە باشی هاوکاریی بژمێرەکانیان کردووە، لەلایەکی دیکەشەوە بژمێرەکان ئەو پەڕی هەوڵیان داوە بۆ تۆمارکردنی خێزانەکان”

گوتیشی:  “قەدەغەی هاتوچۆ تاوەکوو 12ـی ئەمشەو بەردەوام دەبێت.” ئاماژەی بەوەش کرد “تاوەکوو ئێستە پرۆسەکە بەشێوەیەکی پلان بۆ دانراو بەڕێوە دەچێت و کاتژمێر دوای کاتژمێر ڕێژەی سەرکەوتن لە هەموو پارێزگاکانی عێراق زیاتر دەبێت، بۆیە دەتوانم بڵێم ڕێژەی سەرکەوتن 70%ـیە تاوەکوو ئێستە، ئەوانەشی ماونەتەوە لەو چەند کاتژمێرەی ماوە تۆمار دەکرێن و دواتریش قەدەغەی هاتوچۆ هەڵدەگیرێت.”

گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان باسی لەوەش کرد “دوای تەواوبوونی قۆناغی دووەم، قۆناغی سێیەم دەست پێ دەکات و تاوەکوو 10-12-2024، بەردەوام دەبێت، کە بریتییە لە فۆرمی خێزانەکان، کە جارێکی دیکە بژمێرەکان دەچنەوە بەردەم خێزانەکان و زانیاری وردیان لێ وەردەگرن.”

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە هەندێک لە ماڵەکان دەرگە لە بژمێرەکان ناکەنەوە، هینداوی گوتی: “ئەوەی ڕووی داوە ژمارەیەکی کەمن، بەڵام بەشێوەیەکی گشتیی هاووڵاتیان بەباشی پێشوازیی لە بژمێرەکان دەکەن، بەڵام هەرکەسێک کە دەرگە لە بژمێرەکان نەکاتەوە، لەکاتێکی دیکەدا بژمێرەکە دەچێتەوە لای خێزانەکە و زانیارییەکانی لێ وەردەگرن.”

دەشڵێت: “ڕەنگە ئەنجامی بەرایی سەرژمێریی لەم هەفتەیەدا ئاشکرای بکەین، کە ژمارەی دانیشتووانی عێراق چەندە؛ هەروەها ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەک چەندە، ژمارەی نێر و مێیەکانیش ئاشکرا دەکرێن.” گوتیشی: “پێم وایە ئەنجامی کۆتایی دوای مانگ و نیوێک ئاشکرا دەکەین، چونکە پێویستمان بە هەماهەنگی زیاترە.”

هینداوی ڕوونیشی کردەوە “ئێمە ئەو هاووڵاتیانە تۆمار دەکەین کە بۆ چارە، یان خوێندن چوونەتەوە دەرەوەی وڵات، ئەوانیش دەبێت ناسنامەیان هەبێت کاتێک بژمێرەکان دەچنە لای خانەوادەکانیان.”

دڵخوازەكانتان