لە خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چوار کەس کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون

لە خۆپیشاندانەکانی رۆژی رابردوو (دووشەممە 19ـی ئەیلول) لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، چوار کوژراو و سەدان بریندار هەن ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە 250 هاووڵاتی دەستبەسەرکراون.

ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاندووە، رۆژی دووشەممە و دوابەدوای خۆپێشاندان و ناڕەزایی دەربڕینی خەڵک بەرانبەر بە کوژرانی ژینا ئەمینی، لانیکەم 250 کەس لە شارەکانی سنە، مەریوان، سەقز، بانە، کامیاران، بیجاڕ، قوروە، تیکاب شنۆ، مهاباد و بۆکان دەستبەسەر کراون.

بە گوێرەی ئامارەکان، لانیکەم چوار هاووڵاتیی کورد کوژراون و زیاتر لە 221 کەسیش بریندار بوون کە لە نێویاندا کچی 10 ساڵان تا ژنی 65 ساڵە هەن. 12 کەس لە بریندارەکان بە هۆی قورسیی برینەکانیان، دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە و بۆ نەخۆشخانەکان گوازراونەتەوە.

ئامارەکان بەو شێوەیەن:

لە 24 شار مانگرتن و لە 13 شار خۆپێشاندان هەبووە.

خۆپێشاندانەکان گرژیان تێکەوت و بە هۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و 221 برینداریش هەیە.

بریندارەکان بەو شێوەیەن: 154 پیاو، 43 ئافرەت و 24 مێرمناڵ

نزیک بە ٢٥٠ کەس دەستگیرکراوە

ئاماری کوژراو و بریندارەکان بە پێی شارەکان

دیواندەرە: یەک کوژراو و 33 بریندار (چوار مێرمنداڵ)

سەقز: یەک کوژراو و 37 بریندار (16 ژن و 4 مێرمنداڵ)

بانە: 40 بریندار (10 ژن و 6 مێرمنداڵ)

مهاباد: 23 بریندار (8 ژن و 7 مێرمناڵ)

بۆکان: 17 بریندار (4 ژن و سێ مێرمنداڵ)

سنە: 14 بریندار (6 ژن)

مەریوان: 5 بریندار

دێوڵان: یەک کوژراو و 16 بریندار

بیجاڕ: 9 بریندار

قوروە: 9 بریندار

کامیاران: 11 بریندار

تیکاب: 7 بریندار (3 ژن)

ئەو بریندارانەی تەندورستییان ناجێگیرە

بۆکان: 4

سەقز: 5

دیواندەرە: 4

رۆژی 13ـی ئەیلول، ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵان خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ گەشت سەردانی تارانیان کرد. ژینا لەو رۆژەدا بە هۆی “رەچاونەکردنی باڵاپۆشی”، لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تاران دەستگیرکرا و دوای تێکچوونی باری تەندروستی لە بنکەی پۆلیس، رەوانەی نەخۆشخانە کرا. ژینا، دوای سی رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا و رۆژی 17ـی مانگ لە گۆڕستانی ئایچی سەقز لە ناو ئاپۆڕای خەڵکدا بە خاکسپێدرا.

پۆلیسی تاران، رایگەیاندووە کە ژینا بە هۆی “جەڵتەی دڵ” گیانی لەدەستداوە، بەڵام بنەماڵەکەی ئەوەی رەتدەکەنەوە و باوکی ژینا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران، هەموو ئەو قسانەی رەتکردەوە و گوتی، توندوتیژی بەرامبەر بە کچەکەی کراوە.

کوژرانی ژینا ئەمینی کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی فراوانی لێکەوتەوە. هەر لە رۆژی ناشتنی ژینا ئەمینییەوە، خۆپێشاندان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد و رۆژی 19ـی ئەیلول، مانگرتنی سەرتاسەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو و بەشێک لە دانیشتووانی شارەکانی تاران، کەرەج و مەشهەد خۆپێشاندانیان کرد.

دڵخوازەكانتان