سەرۆک وەزیرانی عێراق، وەزیری دارایی ڕاسپارد مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند: “دوێنێ شەممە، 16-11-2024، لەگەڵ محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵی کۆ بوومەوە و تاوتوێی کۆمەڵێک پرسی دارایی و ئابووریمان کرد.”
وەکوو ئەوەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی باسی کرد، سوودانی پێی گوتووە “تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقم ڕاسپاردووە، ئیمزای خەرجکردنی مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکات و ڕێکارەکانی ناردنی پارە لە وەزارەتی دارایی تەواو بکەن.”
لەبارەی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانیش، ڤیان سەبری گوتی: “سەرۆک وەزیرانی عێراق دڵنیایی پێدام، لە ماوەیەکی نزیکدا تەواوی پارەی گەنمی جووتیاران خەرج دەکرێت.”