سلێمانی پێگەیەکی دیاری لەمێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردایەتیدا ھەبووە
مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی – هەڵەبجە – ڕاپەڕین بەبۆنەی ٢٤٠ ساڵەی بنیاتنانی شاری ســــــلێمانی پەیامێكی پیرۆزبای بڵاوكردەوە
لە پەیامەكەدا هاتووە ٢٤٠ ساڵ بەر لەئێستا، لەسەر دەستی (ئیبراهیم پاشای بابان) شاری سلێمانی بنیاتنرا، سلێمانی بووە پایتەختی میرنشینی بابان و لەهەمان کاتدا بووە مەڵبەندێکی گرنگی بازرگانی و ڕۆشنبیری و پەروەردەیی لە ناوچەکە و سەرەتای پەرەپێدانی کولتوور و ئەدەب و زمانی کوردی, کە دەیان شاعیر و نووسەری گەورە لەم شارەدا دروست بوو.
مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی – هەڵەبجە – ڕاپەڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەشێكی پەیامەكەیدا دەڵێت:” سلێمانی پێگەیەکی دیاری لەمێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردایەتیدا ھەبووە، وەک چۆن لەسەردەمی شێخ مهحموودی مەلیكی كوردستان پێشەنگی خەباتی كوردایەتی بووە لە شۆڕشەكانی بارزانیش باوەشێكی گەرمی كوردایەتی بووە بۆ شێخ ئهحمدی بارزان و بارزانیی نەمر و بارزانییەكان.
دوای گەڕانەوەی بارزانی لە یەکێتی سۆڤیەت، سلێمانی بە هەموو چین و توێژەکانیەوە بوونە پێشەنگی نوێبوونەوەی بیری نەتەوایەتی و نیشتمانی.
سلێمانی بە هەموو چین و توێژەکانیەوە بوونە پێشەنگی نوێبوونەوەی بیری نەتەوایەتی و نیشتمانی.
لە هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولیشدا، خەڵکی قارەمانی شاری سلێمانی و ئەم دەڤەرە، لە پێشمەرگایەتی و گیانفیدایی و خەباتی ئەدەب و ڕۆشنبیری ڕۆڵی بەرچاو و کاریگەریان هەبوو.
لە دوای نسكۆی ساڵی١٩٧٥دا و, له دەستپێكردنەوەی شۆڕشی گوڵان، سەرەڕای پیلان و دژایەتییەكی بێ وێنەی ناحەزانی پارتی و ڕێبازی بارزانی, دڵسۆزانی ئەم شارە زیندووە و دەوروبەری، پارتی و بارزانی و كوردایەتیان پێكەوە بەستۆتەوە و تاکوو ئێستایش سەرەڕای ھەموو جۆرە پیلانگێڕیەک، بەڵام ھیچ ھێز و پیلانێک نەیتوانیوە سلێمانی و دەڤەرەکە لەپارتی و ڕێبازی بارزانی جیابكاتەوە.
خەڵكی ئەم دەڤەرە كوردایەتی و نیشتمانپەروەرییان لەگەڵ بیروباوەڕ و خوێنیان تێكەڵ بووە, ئەمەش ھۆكار بووە كە هەرگیز لەبەرانبەر داگیرکاریدا بێدەنگ نەبن و هەمیشە لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری و فیکریدا بوونە و دەیان داستانی قارەمانیەتیان تۆمارکردوە, بۆیە سلێمانی هەمیشە خاوەنی جیهانبینی و ئایدیایەکی کوردانەبووە و, ئێستایش کە کوردستان و ناوچەکە بە بارودۆخێکی هەستیاری سیاسی و ئابوورییدا تێدەپەرێت، چاوەڕوانی گۆڕانکاری دەکرێت، سلێمانی هاوشانی شارەکانی تری کوردستان هەر چاوەڕوانی پێشەنگی و ئیرادەیان لێ دەکرێت، بۆئەوەی گەلی کوردستان بەسەرکەوتوویی ئەم قۆناغە تێپەڕێنێت.