بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی ئامارەکانی تووشبووانی شێرپەنجەی راگەیاند.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی ئامارەکانی تووشبووانی شێرپەنجەی راگەیاند.
د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا بۆ چارەسەری تووشبووانی شێرپەنجە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ساڵی 2023 دا سێ هەزار و 356 حاڵەتی تووشبوون بە شێرپەنجە لە نەخۆشخانەکە تۆمارکراون.
وتیشی، هەر لەو ماوەیەدا نزیکەی شەش هەزار و 442 کۆدی گشتی کراونەتەوە بەو پێیەی جگە لە تووشبووی نەخۆشیی شێرپەنجە، نەخۆشانی ناشێرپەنجەییش لەنێو نەخۆشخانەکەدا چارەسەر دەکرێن.
لەبارەی ئاماری ئەمساڵەوە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا وتی، ماوەی حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵ بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی رابردوودا رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە کەمیکردووە و تاوەکو ئەم مانگەش ئامارەکان جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە.
ئەوەشی وت، “ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە چەقی تووشبوون بە شێرپەنجە سلێمانییە دوورن لە راستییەوە، چونکە ئەو ئامارانە بە تەنها بۆ نێو سەنتەری سلێمانی نییە، بەڵکو پارێزگاکانی دیکەی هەرێم و عێراقیش لەخۆدەگرێت و لە نەخۆشخانەی هیوا چارەسەر وەردەگرن”.