ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ی 11ی 2024، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆ دەبێتەوە و سێ بڕگە گفتوگۆ دەكات.
لە بڕگەی یەكەمدا، دواپێشهاتی تایبەت بە پرسی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لە عێراق، لەژێر ڕۆشنایی دواكۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی تاووتوێ دەكرێ، كە لە 31ی 10ی 2024، لە بەغدا، بە بەشداریی بەڕێزان سەرۆككۆماری عێراق و سەرۆكوەزیرانی فیدراڵ و وەزیری پلاندانانی فیدراڵ و وەزیرە كوردەكانی نێو حكومەتی فیدراڵی و شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو.
لە بڕگەی دووەمدا، دواپێشهاتی تایبەت بە بارودۆخی دارایی و مووچە و بابەتی (ژمارەی وەزیفی)ی فەرمانبەران و هەندێك ڕێكاری نوێی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ مووچەی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2024 و ئەنجامی گفتوگۆكان لەم بارەیەوە دەخرێتە ڕوو.
لە بڕگەی سێیەمدا، نوێترین پێشنیاری حكومەتی فیدراڵی، سەبارەت بە هەمواركردنەوەی ماددەی (12) لە یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ، تایبەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و خستنەڕووی دواكۆبوونەوە و دانوستانەكان لەمبارەیەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و كۆمپانیا نەوتییەكان دەخرێتە ڕوو.
دڵخوازەكانتان