هیوا ئەحمەد: پارتی فیتۆی لە سەر هیچ لایەنێك نییە

هیوا ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕاگەیاند “پێویستە حکوومەتێکی بەهێز هەبێت، چونکە هەر لە سەرەتایی هەڵبژاردن گوتمان پێویستە کوردستانێکی بەهێزمان هەبێت.”

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسییە دەڵێت: “32 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە لە ڕابردوودا 50بە 50 بوو، لەوەتەی هەڵبژاردن کراوە زۆربەی سەرکردەکانی کورد باسیان لەوە کردووە کە دەبێت ڕۆژێک بێت،  پێکهێنانی حکوومەت لەسەر بنەمای کورسییەکان و زۆرینەی دەنگەکان بێت، بەمشێوە حکوومەت پێک بهێنرێت بۆ ئەوەی حکوومەتێکی یەکگرتوومان هەبێت. ئەمڕۆش زۆرینەی لایەناکان باسیان لەوە کردووە، هیوادارین لەسەر قسەی خۆیان بن، بۆ ئەوەی زۆرینەی کورسی لای کێ بوو حکوومەتێکی یەکگرتوو و بەهێز پێک بهێنێت، بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان لە هەموو ڕوویەکەوە.”

دەشڵێت: “هەڵبژاردن لە هەموو جیهان دەکرێت خەڵکی دەنگی دەدات بەو لایەنەی کە متمانەی پێی هەیە، لەسەر بنەمای کار و پێشینەی ئەو لایەنە کە کار و ئامانجی هەیە، بۆیە حکوومەت پێویستە یەکگرتوو بێت و بەهێز بێت بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو پلان و ئامانجەی هەیەتی بیکات بە پرۆژە و بیخاتە خزمەتی هاووڵاتییان.”

ئاماژەی بەوەش دا “پێکهێنانی حکوومەت هەتا زوو پێک بهێنرێت باشە، لەبەر ئەوەی زۆر کار و پڕۆژەمان لە پێشە بۆ خزمەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان، لەوانەش؛ نووسینەوەی دەستوور و خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی، یەکخستنی هێزی پێشمەرگە، یەکخستنی ئیدارەیە لە هەموو شوێنێک.”

هیوا ئەحمەد ڕاشیگەیاند “ئێمە مەبەستمانە کە حکوومەت پێکهات، حکوومەتێکی بەهێز بێت، خەڵک بۆیە دەنگ دەدات بۆ ئەوەی حکوومەتێکی بەهێزی هەبێت  و پشتی پێ ببەستێت و زۆرترین خزمەت بکات. دیموکراسیش هەر ئەوە ماناکەیەتیی بۆ ئەوەی خەڵکی ئازاد بێت دەنگ بەکێ دەدات.”

دڵخوازەكانتان