کەشناسی هەرێم: لە نیوەڕۆوە بارانی بەلێزمە دەبارێت
کەشناسی هەرێم دەڵێت: لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە رێژەی باران بارین زیاد دەکات و پلەکانی گەرما نزمتر دەبنەوە، سبەینێش هەورە بروسکە و بارانبارین بەردەوام دەبێت.
هەواڵ:سلێمانی پرێس
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم دەڵێت ئەمڕۆ لە سەنتەری پارێزگای هەولێر و ناوچە شاخاوییەکان و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کاریگەری شەپۆلی بارانبارین بەردەوام دەبێت، لە دوای نیوەڕۆوە لێزمە باران دەبارێت، کاریگەری ئەو کەشە ناسەقامگیرە تا درەنگانی شەو دەمێنێتەوە.
لە سنورى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەى ڕاپەڕین، لەدوای نیوەڕۆوە، لە زۆرینەی ناوچەکان بارانی بەلێزمە دەبارێت و هەورە بروسکەی لەگەڵ دەبێت، لە سنوری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانیش، باران بەشێوەی پچڕ پچڕ دەبارێت.
دەشڵێت: ئەمڕۆ پلەکانی گەرما کەمێک نزمتر دەبنەوە.
سەبارەت بە کەشی سبەینێ دووشەممە کەشناسی هەرێم رایگەیاندوە، شەپۆلی بارانبارین بەگشتی لاواز دەبێت، بەڵام نمە باران و هەندێک کات بارانی مامناوەند لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان دەبارێت، لەسەنتەری شارەکانیش نمە باران و هەورە بروسکە دەبێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: 21 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 21 پلەى سیلیزى
دهۆک: 24 پلەى سیلیزى
کەرکوک: 24 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 21 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 26 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران : 12 پلەى سیلیزى
سۆران: 17 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 28 پلەى سیلیزى