نێچیرڤان بارزانی و عەمار حەکیم: عێراق لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە نەگلێت و لە لێکەوتەکانی دوور بێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی داکۆکیان لەوە کرد “به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك عێراق له‌ ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه‌وه‌ نه‌گلێت.”

به‌يانيى ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه، 29-10-2024)  نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ديدارێكدا له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ عه‌ممار حه‌كيم، سه‌رۆكى ره‌وتى حيكمه‌ى نيشتمانيى عێراق، هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان و ئه‌نجامه‌كانى تاوتوێ كرد.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوکدا دەڵێ “عەمار حه‌كيم پيرۆزبايی سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنى له‌ نێچيرڤان بارزانى كرد، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و دۆخى ناوچه‌كه‌، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.”

وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە دیدارەکەدا هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌سه‌ر‌ گرنگيى به‌رده‌واميى گفتوگۆى هه‌ولێر ـ به‌غدا كرده‌وه‌ و هاوڕا بوون؛ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان به‌ لێكگه‌يشتن و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور، ده‌بێته‌ هۆى پته‌وكردنى ئارامى و سه‌قامگيريى زياترى عێراق. هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه‌ كارى پێكه‌وه‌يى و هاريكاريى نێوان هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و پێكهاته‌كانى عێراقيان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى وڵاتدا، به‌ پێويست له‌ قه‌ڵه‌م دا.

لەکاتێکدا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ چەکدارانی حەماس و حیزبوڵڵا لە غەززە و لوبنان لەلایەک و هێرشی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەر یەکدی لەلایەکی دیکەوە بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت، نێچیرڤان بارزانی و عەمار حەکیم داكۆكييان له‌وه‌ كرده‌وه‌ “پێويسته‌ هه‌موو لايه‌ك كار بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ن ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بپارێزرێت، به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك عێراق له‌ ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه‌وه‌ نه‌گلێت و له‌ لێكه‌وته‌كانى به‌دوور بێت.”

دڵخوازەكانتان