بارەگای بارزانی پەیامێكی سەرەخۆشی بۆ كۆچی دوایی مامۆستا ئایینی و هاوسەر و دوو منداڵەكەی بڵاو دەكاتەوە
بارەگای بارزانی پەیامێكی سەرەخۆشی بەهۆی كۆچی دوایی ئەو مامۆستا ئایینییە بڵاو كردەوە كە ئەمڕۆ چوارشەممە بەهۆی رووداوێكی هاتوچۆ خۆی و هاوسەر و دوو منداڵەكەی گیانیان لەدەست دا.
ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامە سەرەخۆشییەكەی بارەگای بارزانییە:-
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەڕێزان، خانەوادە و کەسوکاری مامۆستا مەلا ئیبراهیم عومەر سەرسوراوی،
بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی (مامۆستا مەلا ئیبراهیم عومەر – سەرسوراوی)ـمان پێگەیشت، کە بە داخەوە لە رووداوی دڵتەزێنی هاتوچۆدا خۆی و هاوسەر و دوو لە منداڵەکانی گیانیان لەدەست دا.
بەم بۆنە خەمناکەوە، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی ئێوە و تەواوی خزم و کەسوکارتان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی دەکەین، و خۆمان بە هاوبەشی خەمتان دەزانین.
لە خودای مەزن داواکارین رۆحی مامۆستا مەلا ئیبراهیم عومەر سەرسوراوی و هاوسەر و منداڵەکانی بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبر و ئارامیش بە هەموو لایەک ببەخشێت.
إنا لله وإنا إليه راجعون
بارەگای بارزانی
23ی تشرینی یەکەمی 2024