وەزارەتی شارەوانی زانیاریی نوێ لەبارەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران ئاشكرا دەكات

بەرپرسێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشکرای دەکات، بەهۆی ئەوەی تاپۆی زەوییەکان ئامادە نییە، بۆیە ئەو زەوییانەی بەسەر فەرمانبەران دابەش دەکرێن، کارتە، دەشڵێت: “تاپۆکەی هەمان ئەو زەوییە دەبێ، کە دابەش دەکرێت.”

سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری كاروباری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار،راگەیاند: “ئەو شارەوانییانەی زەوییان ئامادە بێت، پرۆسەی دابەشکردنییان بەسەر فەرمانبەران دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە و بە کردارییش لە زاخۆ و هەولێر و سلێمانی زەوی دابەش کرا.”

جەختی کردەوە، دابەشکردنەکە قۆناغ بە قۆناغە، هەر قۆناغێک لە هەر شوێنێک نابێ لە پێنج هەزار پارچە زەوی کەمتر بێت.

بەرپرسەکەی وەزارەتی شارەوانی جەختی کردەوە، ڕێنوێنیی دابەشکردنی زەوی وەکوو خۆی جێبەجێ دەکرێت، گوتیشی: “لە هەندێك شارەوانی زەوییەكان ئامادە كراون، بەڵام لە هەموو شوێنەكان لە یەك كاتدا زەوی دابەش ناكرێن، ئەوانەی زەوییان ئامادەیە و وردبینیی فۆرمەكانیان تەواو بووە، هی ئەوان لەم ماوەیەدا دابەش دەكرێت.”

ئاماژەی بەوەش دا، وردبینی لە فۆڕمی زەوی بەردەوامە، گوتیشی: “بەشێکی وەزارەت و فەرمانگەكان فۆڕمی زەوییان تەواو كردووە و بەشێکی فۆڕمەکان هاتوونەتە وەزارەتی شارەوانی.”

زیاتر گوتیشی: “لێژنەی وردبینی، وەزارەت دوای وەزارەت وردبینی بۆ فۆڕمەكان دەكات، بەشێك لە وەزارەتەكان لە فۆڕمەكان داواكارییەكانی بەپێی رێنوێنییەكان تێدا نییە و كەموكوڕییان تێدایە، ئەوانەش دەبێت چاك بكرێن”.

سەبارەت بە وردبینیی شارەوانییەکە، سەربەست مەولوود گوتی: “بەپێی ڕێنوێنیی ژمارە 2ی ساڵی 2024، وردبینی لە زانیارییەکان دەکەین و لیستەکان رێك دەخەین، ئەویش بەپێی شوێنی نیشتەجێبوون و کارتی زانیاری، زانیارییەکان دەدرێنە شارەوانیی پەیوەندیدار.”

ئەو بەرپرسەی شارەوانی زانیارییەکی گرنگ و دڵخۆشکەری ئاشکرا کرد و گوتی: “بەهۆی ئەوەی تاپۆی زەوییەکان ئامادە نییە، شوێنەکان بە کارت دابەش دەکرێن، دواتر کارتەکە دەکرێتە وێنەی تاپۆ، چونكه ڕێکاری كردنه تاپۆ دوا دەکەوێت.”
جەختی کردەوە، ئەو کارتەی دەکرێتە تاپۆ هەمان ئەو زەوییە دەبێت، کە دابەش دەکرێت، تەنیا لە تاپۆ ژمارەکەی دەگۆڕێ بۆ تاپۆ.

دڵخوازەكانتان