وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان چەند ڕێنوێنییەكی گرنگی بڵاو كردەوە

وەزارەتی ناوخۆ، لە ڕاگەیاندراوێكدا، دووپاتی دەكاتەوە كە بردنەژوورەوەی مۆبایل و كامێرا بۆ ژووری دەنگدان قەدەغەیە، هەروەها قەدەغەیە نوێنەرانی كاندیدەكان تا 150 مەتر لە بنكەكانی دەنگدان نزیك ببنەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 20/10/2024،  وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، چەند ڕێنوێنییەکی بۆ دەنگدانی گشتی بڵاو کردەوە و ئاراستەی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردن و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی کردووە، بریتین لە:

١- قەدەغەیە دەنگدەر مۆبایل و کامێرا بباتە ژوورەوە، پێویستە لە بنکەکان پشکنین بکرێ. تەنیا چاودێران و نوێنەران و ڕۆژنامەنووسان بۆیان هەیە.

٢- قەدەغەیە نوێنەرانی کاندیدەکان تاکوو ١٥٠ مەتر لە بنکەکانی دەنگدان نزیک ببنەوە.

٣- تاکوو مەودای ١٥٠ مەتر لە دووریی بنکە، پێویستە هەموو پۆستەری کاندیدان و لیستەکان، لە بنکەکانی دەنگدان بکرێنەوە.

٤- جگە لەو هێزانەی لە چوارچێوەی لیژنەی ئەمنی ڕاسپێردراون، هیچ هێز و کەسێک بە جلی سەربازی بۆی نییە لە بنکەکانی دەنگدان نزیک بێتەوە.

دڵخوازەكانتان