سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەنگی دا و هیوادارە لە خەڵکی کوردستان ئەمڕۆ “پاداشتی خزمەت و ڕاستگۆیی بدەنەوە”.
کاتژمێر 08:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 20-10-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بنکەیەکی دەنگدان لە شارۆچکەی پیرمام دەنگی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دا.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا ڕایگەیاند “هیوادارم هەموو ئەو هاووڵاتییانەی مافی دەنگدانیان هەیە، ئەمڕۆ بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بڕیار لەسەر دیاریکردنی نوێنەر و حکوومەتی داهاتووی خۆیان بدەن”.
مەسرور بارزانی هیواشی خواست “هەڵبژاردنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان لە کەشێکی ئارام و بێ گرفت بەڕێوە بچێت.” گوتیشی: “هیوادارم ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان پاداشتی خزمەت و ڕاستگۆیی بدەنەوە و سزای ئەو لایەنانەش بدەن کە یاری بە چارەنووس و مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەن.”
سەرۆکی حکوومەت لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: “هیوادارم سەرکەوتن بۆ کوردستان بێت و دڵنیام خەڵکی کوردستان هەمیشە سەرکەوتوو دەبن.”
کاتژمێر 7ـی ئەمڕۆ 20ـی ئۆکتۆبەری 2024، پرۆسەی دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد. لە دەنگدانی گشتیی دوو ملیۆن و 686 هەزار و 578 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە، کە بەسەر هەرچوار بازنەی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە دابەش دەبن.
ژمارەی دەنگدەرانی گشتیی بەپێی بازنەکان:
بازنەی هەولێر: 933,115 دەنگدەر
بازنەی سلێمانی: 1,008,412 دەنگدەر
بازنەی دهۆک: 682,791 دەنگدەر
بازنەی هەڵەبجە: 59,300 دەنگدەر
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەزار و 266 بنکە و شەش هەزار و 318 وێستگەی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی کوردستان کردووەتەوە.
ژمارەی بنکە و وێستگەکانی دەنگدان بەپێی بازنەکان:
بازنەی هەولێر: 498 بنکە و 2213 وێستگەی دەنگدان
بازنەی سلێمانی: 477 بنکە و 2373 وێستگەی دەنگدان
بازنەی دهۆک: 264 بنکە و 1596 وێستگەی دەنگدان
بازنەی هەڵەبجە: 27 بنکە و 136 وێستگەی دەنگدان
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ناوی هەزار و 191 کاندیدی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پەسەند کردووە و کێبڕکێ لەسەر 100 کورسی پەرلەمانی دەکەن.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر دەنگدانی تایبەت بەڕێوە چوو، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندووە، ڕێژەی بەشداری سەدا 97 بوو.