پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە هەولێر زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت و تا ئێستا هیچ دەنگدەرێك مۆبایل نەبردۆتە نێو وێستگەكانی دەنگدان و نوێنەری هیچ لایەنێكی سیاسیش سكاڵای تۆمار نەكردووە.
لە هەردوو بنكەی سامان و دابان لە شاری هەولێر كە هێزەكانی پێشمەرگەی زێرەڤانی دەنگی تێدا دەدەن، پڕۆسەكە زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت.
لە بنكەی سامان لە گەڕەكی 32ی پاڕك لە کۆی 1734 دەنگدەری تایبەت، تا كاتژمێر 10:30 زیاتر لە 700 دەنگدەر دەنگیان داوە، کە دەکاتە نزیکە %40 كۆی گشتی دەنگدەران لە بنكەكەدا.
لە بنكەی دابان لە گەڕەكی نەورۆز هەر لە شاری هەولێر تا كاتژمێر 10:30 لە كۆی 1481 دەنگدەر، 720 دەنگدەر دەنگیان داوە كە دەكاتە رێژەی 50%ی رێژەی دەنگەران لە بنكەكە.
نوێنەری لایەنە سیاسییەكان كە لە وێستگەكان ئامادەن، لە هەردوو بنكەكە تا ئێستا هیچ سكاڵایەكیان تۆمار نەكردووە و هیچ دەنگدەرێکی تایبەتیش لەم بنكانە مۆبایلیان نەبردۆتە ژوورەوە.