عەلی حوسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی (سلێمانی – هەڵەبجە – ڕاپەڕین)ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرنەڤاڵێکی جەماوەریدا لە هەڵەبجە باسی نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ هەڵەبجە و خراپ ئیدارەدانی کاروبارەکانی دەکات.
عەلی حوسێن لە کەرنەڤاڵێکی جەماوەریدا لە هەڵەبجە ڕایگەیاند: هەڵەبجەییەکان لە سەرجەم خزمەتگوزارییەکان بێبەشن، ئەو هەموو خوێن و قوربانیدانەی هەڵەبجە بۆ کوردستان هەیەتی شایانی خزمەتی هەمیشەیین نەک پەراوێز خستن و عەرقەلە دروست کردن بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان.
عەلی حوسێن ئاماژەی بەوە دا : هەڵبژاردن گرینگە بەتایبەت ئەم هەڵبژاردنە کە چاوی ناوخۆیی و دەرەکی لەسەرە و سیمای پرۆسەی دیموکراتی ئێمەیە، پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵوێستی کوردایەتی پێشڕەوە، لە وێستگە مێژووییەکاندا سەلماندوویەتی پێشڕەوی خەباتی گەلی کوردستانە و بۆ هیچ دوژمن و ناحەزێک ناچەمێ، بەرگری دەکات و خاک و خەڵک دەپارێزێ، لە دەوڵەتداری و حکومداریدا پارتی تاقیکردنەوەی خۆی داوە و بەچاوی خۆمان پڕۆژەکانی ئاوەدانی و کارگێڕیی پارتی دەبینین، هەر پارتی دەتوانێت خزمەت بکات و سیستەم رێک بخات، ئەمە ڕوونە .. سەیری هەولێر و دهۆک بکەن، سەیری ئەم سنوورەش بکەن، ئەوسا دەردەکەوێت جیاوازی خزمەتی ئێمە و ئەوان چییە؟
عەلی حوسێن ڕوونیشی کردەوە: هەڵەبجە ڕەمزی کوردایەتی و مەزڵومەیەتە، شارەزوور و هەورامان مەکۆی شۆڕش و شۆڕشگێڕانن، هەڵەبجە دەڤەری قوربانیدان و سیمای مەزڵومیەتی گەلێکی ستەملێکراوە، بەڵام بەداخەوە، دەبینین ئەم سنوورە، ئەم بەشە بریندارەی جەستەی نیشتمان، بەهۆی ئیدارەی خراپی لۆکاڵی لە سەرجەم خزمەتگوزارییەکان بێبەشن و داهاتی زۆری ئەم سنوورە لەلایەن حزبی دەستڕۆیشتووەوە لە هەڵەبجە و سلێمانی بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن دەگوازنەوە کە خۆیان نەبێت کەس نازانێت بۆ کوێی دەبەن و چی لێ دێت، ئەمەش جێگای نیگەرانی هاوولاتییان و ئێمەشە، وەک دەشبینین ئەوە ئاستی خزمەتگوزارییە لەم سنوورە، بەراستی هەڵەبجە شایانی هەموو شتێکی باشە بەڵام بەداخەوە گوێی پێ نادرێ، ئەوەی جێی نیگەرانییە، کاک مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت لە هەولێرەوە دێت لێرە پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ بکات، کەچی ئەمان دێن بەردی بناغەی پرۆژەکە دەشکێنن، ئەمە جێگای داخ و دڵگرانی هەموومانە، هەر لەم سنوورە پارتی خانووی بۆ شەهیدان کردووە، کەچی ئیدارەی ناوخۆیی ئێرە ناهێڵن خزمەتگوزاری بۆ ئەو ماڵە شەهیدانە بکرێت کە کەسوکاریان گیانی بۆ ئەم ئاو و خاکە گیانیان بەخت کردووە، ئەوە لە کاتێکداتە لە هەولێر باشترین خزمەتگوزاری بۆ شەهیدان کراوە.
ناوبراو گوتیشی: ئەمانە وایان کردووە ئەو لایەنەی لێرە ئیدارەی بەدەستە لە هەڵبژاردن بترسن و لە ئێستاوە دەستیان بەتەزویر کردووە، لەناو هێزە ئەمنییەکان دەنگدانی پێش وەخت دەکەن، وەرەقەی کۆمسیۆنیان پێیە و ناوی سەرجەم لایەنەکانی لەسەرە و کارتی دەنگدان وەردەگرن و دەڵێن بەو لایەنەبدەن کە یەکێتییە، بەڵام ئێمە وەک پارتی بە خەبات و خزمەتەکانمان پشت ئەستوورین و گومانمان لە خەڵکی برینداری هەڵەبجەو خەڵکی شۆڕشگێڕی هەورامان و شارەزوور نییە لە١٠/٢٠ دەنگ بە لیستی ١٩٠ دەدەن و لێرە ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕین.