مەسرور بارزانی: پارتی بوەستێ داگیرتان دەکەن

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت  لەوە دەکاتەوە، ئەو لایەنانەی داوای وەستاندنی پارتی دەکەن، دەبێت ئەوە بزانن، پارتی بوەستێ، داگیر دەکرێن، چونکە ئەوان بەبێ بوونی پارتی، ناتوانن هیچ شتێک بکەن.

چوارشەممە، 02-10-2024، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ قوتابییان، لاوان و ئافرەتان لە شاری هەولێر، جەختی لەوە کردەوە، ئەو لایەنانەی داوای وەستاندنی پارتی دەکەن، دەبێت ئەوە بزانن، پارتی بوەستێ، داگیر دەکرێن، چونکە ئەوان بەبێ بوونی پارتی، ناتوانن هیچ شتێک بکەن.

مەسرور بارزانی گوتی:  دروشمەکانی پارتی لە هەڵبژاردندا زۆر ڕوونە، ئێمە داوای ئارامی و ئاوەدانی و پێکەوەیی و خۆڕاگریی دەکەین، کە گوزارشتە لە دەستکەوتەکانی پارتی لە ڕابردوودا، لە دروستکردنی ئارامی و سەقامگیریی بۆ ئەم وڵاتە. لە دەستەبەرکردنی ئاسایش بۆ وڵاتەکەمان. پارتی شانازیی بەوە دەکات کە هەمیشە پارێزەری ئەم خاکە بووە و پارێزەری ئەم وڵاتە بووە. داوای ئاوەدانی دەکەین، چونکە پارتی دەستی باڵای هەبووە لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەمان لە کابینە یەک لە دوا یەکەکانی کە بەدەست پارتییەوە بوونە، دەبین کوردستان لە چ قۆناغێکەوە بەرەو چ قۆناغێک چووە؛ هاوکات چ ئاوەدانییەک لە کوردستان کراوە، لە داهاتووشدا پارتی بەردەوام دەبێت لە زیاتر ئاوەدانکردنەوەی کوردستان.

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی گوتیشی: دروشمی ئێمە، باسی پێکەوەیی دەکات، دەمانەوێت لەگەڵ هەموو لایەنەکان، هەموو ئایین و نەتەوە جیاوازەکانی لە کوردستان دەژین بە یەکەوە بین. بەیەکەوە جوانین و بەهێزترین. ئێمە شانازیی بەوە دەکەین کە پارتی هەمیشە پارێزەری مافی هەموو نەتەوە و ئایینەکان بووە، لە حاڵەتێکدا  کە لایەنەکانی دیکە شانازیی بەوە دەکەن مافە دەستووریی و ڕەواکانی نەتەوەکانی دیکەی پێشێل کردووە. پارتی شانازیی بەوە دەکات کە بەرگریی لەو مافانە کردووە، بەردەوامیش دەبێت لە بەرگریی لە مافی هەموویان.

مەسرور بارزانی گوتی: ئێمە باسی خۆڕاگریی دەکەین، پارتی خۆڕاگر بووە بەرامبەر هەموو پەلامار و هەڕەشە و هێرشێک کە هاتووەتە سەر کوردستان. پارتی هەموو ئەو داستانانەی تۆمار کردووە. کەرامەتی خەڵکی کوردستان و هەرێمی کوردستانی پاراستووە. پارتی شانازیی دەکات بە بەرزکردنەوەی دروشمی خۆڕاگریی، بەردەوام دەبێت لەوەی خۆڕاگر بێت بەرامبەر هەموو تەحەدییەکان و مەترسییەک و پەلامارێک لە ئێستە و ئایندەدا. بەڵام ئەو لایەنانە کە بە پارتی دەڵێن ڕاوەستە، دەڵێین تۆ بوەستە، با پێتان بڵێم: پارتی بوەستێ، داگیرتان دەکەن، بەبێ پارتی ئێوە ناتوانن هیچ بکەن.

مەسرور بارزانی دەڵێت: دروشمی وایان بەرز کردووەتەوە و بە ئێمە دەڵێن: کۆتایی دەهێنین، کۆتایی بەچی دەهێنین؟ کۆتایی بە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەهێنن؟ بەشکۆی پێشمەرگە، بە ئاوەدانی ؟ بە ئێوە؟ کۆتایی بەچی دێنن؟

دڵخوازەكانتان