دەست بە دابەشكردنی ئارد و بەشەخۆراك دەكرێ و مادەیەكی خۆراكیش زیاد دەبێ

بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانی زانیاریی لەبارەی بەشەخۆراكی حەوتەم و بەشەئاردی هەشتەم ئاشكرا دەكات و دەشڵێت: “لە لیستی خۆراكدا ماش زیاد بووە، بەڵام جارێ نەگەیشتووەتە كۆگاكانمان.”

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “بڕیارە لە سبەی 1ی 10وە دەست بە دابەشكردنی لیست بكرێت و پاشان دەست بە دابەشكردنی بەشەخۆراكی حەوتەم دەكرێت.”

بەپێی ئەو لیستەی دەست (باسنیوز) كەوتووە، بەشەخۆراكی حەوتەم گۆڕانكارییەكی تێدا كراوە و یەكەمجارە لە لیستەكەدا (ماش) زیاد كراوە.

نەوزاد شێخ کامیل، لەبارەی زیادكردنی مادەی خۆراكلی تازەوە گوتی: “راستە ماش زیاد كراوە، بەڵام نەگەیشتووەتە كۆگاكانمان، كەی گەیشت ئەویش دابەش دەكرێت.”

ئاشكراشی كرد، ئەو مادانەی ئێستا ئامادەن و دابەش دەكرێن، برنج و شەکر و دۆشاو و زەیت و ئارینۆك و نیسک و نۆكن.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئەوەشی خستە ڕوو، لەم رۆژانە بەشەئاردی هەشتەم دەگاتە دەست بریكارەكان و ئەوانیش بەسەر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستاندا دابەشی دەكەن.

لای خۆیەوە دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر، ڕاگەیاند: “بەشەخۆراكی حەوتەمی ئەمساڵی هاووڵاتییان بە هەموو مادەكانی سەرەكییەكانەوە گەیشتووە و دەست بە دابەشكردن دەكرێت.”

ئاماژەی بەوەش دا: “دەبێت بریكارەكان بە ڤیزەكارت پارەی بەشەخۆراك بدەن، ئەگەر پێشەكی پارە نەدەن، ئەوە خۆراكیان بۆ ناچێت، چونكە سیستەمی پارەدانی بریكارەكان لە كاشەوە گۆڕدراوە بۆ ڤیزەكارت و بەبێ ڤیزەكارت ناتوانین پارە لە بریكارەكان وەربگرین و لیستی خۆراكیان پێ بدەین و خۆراكیان پێ نادرێت، بۆیە دەبێت رێكاری ڤیزە وەكوو خۆی جێبەجێ بكرێت.”

دڵخوازەكانتان