سلێمانی.. وەزیری پەروەردە قوتابخانەیەک و باخچەیەکی منداڵانی کردەوە

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردنەوەی قوتابخانەیەک و باخچەیەکی منداڵان لە سلێمانی ڕاگەیاند و گوتی:بنیاتنانی ئەو قوتابخانەیە و کردنەوەی بە ڕووی قوتابیاندا، دەبێتە دەرفەتێکی باشتر و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لە بارتر بۆ قوتابیان.

د. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کردنەوەی قوتابخانەیەک و باخچەیەکی منداڵان لە سلێمانی ڕاگەیاند و گوتی: دووساڵ لەمەوبەر بەردی بناغەی ئەم پرۆژەیە لەلایەن خێرخوازێکەوە دانرا.

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەش دا، ئەو خێرخوازە چەند پرۆژەیەکی لە بواری پەروەردە دا کردووە ئەوە نیشانەی خەمخۆری و دڵسۆزییەتی بۆ ئەو کەرتە و هاندانێکیشە بە پابەندبوونی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەت.

ئالان حەمەسەعید، گوتیشی: بنیاتنانی ئەو قوتابخانەیە و کردنەوەی بە ڕووی قوتابیاندا، دەبێتە دەرفەتێکی باشتر و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لە بارتر بۆ قوتابیان تاوەکو بتوانن لە کەشێکی شیاوتردا بخوێنن و فێرببن .

هەروا گوتی: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەپێی ئەو نەخشەیەی دانرابوو، چەندین کاری گرنگ کراوە، بەدیجیتاڵکردنی هەموو خزمەتگوزارییە کارگێڕییەکان و پەروەردەییەکان بەڕێژەی سەدا 100 جێبەجێ کراوە.

هەروەها پێداچوونەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن ئەو ناونیشانانە بوون کە لەکارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەت، بەسەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی لە پەرلەمانی کوردستان لەساڵی 2019 متمانەی وەرگرت، کە نزیکەی 500 ناونیشانی کتێب پێداچوونەوەی پێدا کراوە، کە بەشێکی ئەمساڵ کەوتووەتە بەردەستی قوتابیان.

وەزیری پەروەردە باسی لەوەش کرد، ستراتیجیی ڕاهێنانی مامۆستایان لە 2023 بۆ 2030 خستووەتە بواری جێبەجێ کردن، بەمەبەستی توانادارکردنی مامۆستایان و برەودان بە توانا مرۆییەکانیان لە بواری پەروەردە و فێرکاریدا.

دەشڵێت: هەڵسەنگاندمان بۆ هەموو قوتابخانەکان کردووە لە پلاتفۆرمێک بەناوی “ئی ڕیزبەندی” کە مافی هەموو دایک و باوکێکە بزانێت ئاستی قوتابخانەی منداڵەکەی چۆنە.

دڵخوازەكانتان