خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ به‌رگی پێنجه‌می بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد
فه‌رهاد محه‌مه‌د
له دامه‌زراندنی كابینه‌ی سێهه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه تا بڕیاردانی ئه‌مریكا بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی سه‌دام حوسێن
پلانی ئازادكردنی شاری هه‌ولێر له 31ی ئابی 1996، بۆ ئه‌وه نه‌بوو كه هێزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان بچنه سلێمانی و ته‌واوی كوردستان كۆنتڕۆڵ بكه‌ن و، ڕێككه‌وتنه‌كه‌ش هه‌ر به‌و جۆره كرابوو كه هێزه‌كانی پارتی نه‌چنه پارێزگای سلێمانی، به‌ڵام دوای ئازادكردنی شاری هه‌ولێر، هێزه‌كانی یه‌كێتی به جۆرێك داڕووخان و له به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شان كه هیچ كه‌سێك مه‌زنده‌ی نه‌ده‌كرد، ته‌نانه‌ت ئه‌و هێزه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستانیش كه له هه‌ڵه‌بجه بوون و فه‌رمانیان پێ كرابوو كه هیچ جووڵه‌یه‌ك نه‌كه‌ن، له سلێمانییه‌وه هه‌واڵیان بۆ چوو كه هێزه‌كانی یه‌كێتی هه‌موو ناوچه‌كانیان به سلێمانییه‌وه چۆڵ كردووه و گه‌یشتوونه‌ته سه‌ر سنووری عێراق – ئێران له خاڵی سنووری “سه‌یران به‌ن”ن، به‌مشێوه‌یه هێزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان له هه‌ڵه‌بجه‌وه هاتنه‌وه بۆ سلێمانی و ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان كه‌وته ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان.
سه‌رۆك بارزانی له به‌رگی پێنجه‌می كتێبه‌كه‌یدا “بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد – ڕاپه‌رین، ده‌رفه‌ت و ئاسته‌نگه‌كان”، له‌سه‌ر ئه‌م قۆناخه هه‌ڵوه‌سته‌ی كردووه و ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، پلان و ڕێككه‌وتنمان ته‌نیا بۆ ڕزگاركردنی شاری هه‌ولێر بوو، نه‌ك چوونی هێزه‌كانمان بۆ سلێمانی، به‌ڵام كه هێزه‌كانی یه‌كێتی له هه‌موو به‌ره‌كان داڕووخان و به‌ره‌و سنووری ئێران ڕۆیشتن، هێزه‌كانی پارتی له هه‌ڵه‌بجه به بێ فه‌رمان هاتنه ناو شاری سلێمانی و، دواتر هێزه‌كانی میحوه‌ری دووكانیش به‌ره‌و سلێمانی به‌ڕێ كه‌وتن و له ناو سلێمانی هه‌ر دوو هێزه‌كه یه‌كیان گرته‌وه.
بێگومان یه‌ك ده‌سه‌ڵات و یه‌ك حوكمڕانی له هه‌رێمی كوردستان جێگه‌ی خۆشحاڵی و ڕازه‌مه‌ندیی ده‌وڵه‌تانی داگیركاری كوردستان نییه، هه‌ر بۆیه سه‌دام حوسێن له ڕۆژی 10ی ئه‌یلوولی 1996 ” مانع عه‌بدولڕه‌شید به‌ڕێوه‌به‌ری موخابه‌راتی عێراق ” ده‌نێرێته تاران و پاش ئه‌م سه‌ردانه‌ش “محه‌مه‌دی جێگری ئیتیلاعاتی ئێران” سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات و له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێك ده‌كه‌ون كه هه‌رگیز نابێت هه‌موو كوردستان بكه‌وێته ده‌ستی پارتی دیموكراتی كوردستان.
ئێران و عێراق سه‌رقاڵی ئه‌و پیلانه بوون كه به هه‌ر نرخێك بێت، ده‌بێت یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بگه‌ڕێندرێته‌وه و پارتی دیموكراتی كوردستانیش پاشه‌كشه پێ بكه‌ن بۆ سنووری خۆی، به‌ڵام له‌م هه‌لومه‌رجه دژواره‌دا پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌رقاڵی ئه‌وه بوو كه جارێكی دیكه حكومه‌ت له كوردستان ده‌ست به كاره‌كانی خۆی بكاته‌وه، بۆ ئه‌مه‌ش په‌رله‌مانی كوردستان دوای ئه‌وه‌ی له كۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی 3ی ئه‌یلوولی 1996 ته‌مه‌نی خۆی بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ درێژ كرده‌وه و شه‌رعییه‌تی بۆ خۆی گێڕایه‌وه، دواتر له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه‌دا د.ڕۆژ نووری شاوه‌یسی ڕاسپارد بۆ ئه‌وه‌ی كابینه‌ی سێهه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێكبهێنێت كه حكومه‌تێكی بنكه‌فراوان بوو، بێجگه له پارتی دیموكراتی كوردستان، حزبی شیوعی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی كلد و ئاشووری و چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی بێلایه‌نیشی تێدا بوو، وه‌ك “د.شه‌فیق قه‌زاز، حسێن شنگالی” و دوای ماوه‌یه‌كی كورت كابینه‌ی سێهه‌م متمانه‌ی په‌رله‌مانی وه‌رگرت و سه‌رقاڵی دووباره ڕێكخستنه‌وه و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان بوون بۆ هه‌موو كوردستان.
سه‌رۆك بارزانی له كتێبه‌كه‌یدا زۆر ڕاشكاوانه ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، كاتێك ئێران و عێراق به ته‌واوه‌تی له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێككه‌وتبوون كه ده‌بێت پارتی له قاڵب بدرێت، هه‌واڵی ئه‌وه‌ی بۆ چووه كه “هێزه‌كانی پارتی له سلێمانی تووشی له‌خۆباییبوون و بێدیسپلینی ببوون و، شیرازه‌ی ڕێكخستن و پابه‌ندبوونیان له ناودا نه‌مابوو”. هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته سه‌رۆك بارزانی بڕیار ده‌دات سه‌ردانی سلێمانی بكات و ڕۆژی 4ی تشرینی یه‌كه‌می 1996 كاتێك ده‌چێته سلێمانی و باردۆخه‌كه ده‌بینێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت هه‌موو ئه‌و هه‌واڵانه‌ی پێی گه‌یشتوون، ڕاست بوون، به‌تایبه‌تی كه سه‌ردانی به‌ره‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی له ناوچه سنوورییه‌كان كردووه، ئه‌و واقیعه‌ی به ڕوونتر بینیوه، هه‌ر بۆیه ڕاشكاوانه له كتێبه‌كه‌ی نووسیویه‌تی: “بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه سه‌ردانی چه‌ندین به‌ره‌م كرد، به‌ڵام بارودۆخی پێشمه‌رگه‌كانی خاڵه سنوورییه‌كان به ته‌واوی بێئومێدیان كردم. ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌وێ بوون، بێ‌باك و بێ ڕێكخستن. وایان دانابوو، یه‌كێتی تا هه‌تایه ته‌واو بووه و ناگه‌ڕێنه‌وه، بێ ئاگابوون له‌وه‌ی كه ئێران شه‌و و ڕۆژ سه‌رقاڵی ڕێكخستنه‌وه‌ی یه‌كێتییه”.
هه‌واڵی ئه‌م بێباكی و له‌خۆباییبوونه‌ی هێزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان له میحوه‌ری سلێمانی، بێگومان گه‌یشتووه‌ته‌وه به ئێران و یه‌كێتی، هه‌ر بۆیه كاتێك له ڕۆژی 11ی تشرینی یه‌كه‌می 1996 هێزه‌كانی یه‌كێتی به پاڵپشتیی تۆپخانه‌ی ئێرانی، هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر هێزه‌كانی پارتی، هێرشه‌كه‌یان زۆر ڕێك و پێك و چڕ و توند ده‌بێت، بۆیه له چه‌ند قۆڵێكه‌وه هێزه‌كانی پارتی ده‌شكێن و، دواتر سه‌رۆك بارزانی بڕیار ده‌دات، كه هێڵی به‌رگری بگوازێته‌وه بۆ ده‌وره‌به‌ری دووكان و له‌وێوه به‌رگری بكه‌ن، به‌ڵام سه‌رۆك بارزانی زۆر ڕاشكاوانه هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه و ئاماژه‌ی به‌وه كردووه “كاتێك له ڕۆژی 14ی تشرینی یه‌كه‌می 1996 له دووكان له‌ناو كۆبوونه‌وه‌دا بووم، به‌داخه‌وه له‌ناكاو به‌بێ هیچ به‌ڵگه و پاساوێك فه‌وزا و بێسه‌روبه‌ری كه‌وته ناو هێزه‌كانی پارتی.. چی به سه‌ر یه‌كێتی هات، هه‌مان شتیش به سه‌ر هیزه‌كانی پارتی هات و هه‌موو هێزه‌كان سه‌نگه‌ریان چۆڵ كرد و به‌ره‌و هه‌یبه‌ت سوڵتان گه‌ڕانه‌وه بۆ هه‌ولێر به ڕێ كه‌وتن.
به‌ڵام سوپای یه‌ك و سوپای دوو له هیزۆپ و هه‌یبه‌ت سوڵتان هێڵێكی به‌رگریی پته‌ویان دروست كردبوو، هه‌ر بۆیه له ڕۆژی 19ی تشرینی یه‌كه‌م جارێكی دیكه هێزه‌كانی پارتی له “هیزۆپ و هه‌یبه‌ت سوڵتانه‌وه” هێرشیان كردبووه سه‌ر هێزه‌كانی یه‌كێتی و هه‌تا دووكان پاشه‌كشه‌یان پێ كردبوون، هه‌ر بۆیه جارێكی دیكه هه‌وڵه‌كانی به‌ریتانیا و ئه‌مریكا بۆ ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له نێوان پارتی و یه‌كێتی ده‌ستی پێكرد و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سه‌رۆك بارزانی له ڕۆژی 21ی تشرینی یه‌كه‌می 1996 سه‌ردانی سلۆپی كرد و له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی ئه‌مریكا و به‌ریتانیا به‌مه‌به‌ستی ئاگربه‌ست كۆبووه‌وه و له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆك بارزانی به ئاگربه‌ست و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ جه‌لال تاڵه‌بانی ڕازی ده‌بێت.
به‌ڵام هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی سه‌رۆك بارزانی بۆ ئاگربه‌ست و كۆتاییهێنان به شه‌ڕی خۆكوژی، جارێكی دیكه یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به پشتیوانی تۆپخانه‌ی ئێرانی هێرش ده‌كاته سه‌ر هێزه‌كانی پارتی و له ئاكامدا هێزه‌كانی پارتی زیانێكی زۆر گه‌وره‌یان پێ ده‌گات، هه‌تا هێزه‌كانی پارتی له ڕێگه‌ی نێوان كۆیه و دێگه‌ڵه شه‌ڕێكی قاره‌مانانه ده‌كه‌ن و ڕێگه له پێشره‌ِوییه‌كانی یه‌كێتی ده‌گرن، ئه‌م شه‌ڕه‌ش ده‌بێته خاڵی ئاگربه‌ستی نێوان هێزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، ئه‌مریكا و به‌ریتانیاش پشتگیریی ئه‌م ئاگربه‌سته‌یان كرد، پارتی دیموكراتی كوردستانیش پابه‌ندبوونی خۆی به‌و ئاگربه‌سته‌وه ڕاگه‌یاند و بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی ساڵێك ئه‌م ئاگربه‌سته درێژه‌ی هه‌بوو.
قۆناخی چواره‌می شه‌ڕی خۆكوژی
دوای ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له مانگی تشرینی یه‌كه‌می 1996، به‌داخه‌وه كوردستان بووه “دوو زۆن و دوو ئیداره” و، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به له‌ده‌ستدانی هه‌ولێر كه‌وتبوونه حاڵه‌تێكی ده‌روونیی ئه‌وتۆوه كه نه‌یانده‌توانی ئه‌مری واقیعی دوای ئازادكردنه‌وه‌ی هه‌ولێر قبووڵ بكه‌ن، هه‌ر بۆیه وێڕای هه‌موو هه‌وڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه‌وتنه دانانی پیلانی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی په‌كه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه و به هاوبه‌شی هێرش بكه‌نه سه‌ر پارتی دیموكراتی كوردستان و ئه‌وه‌ی له ئابی 1996 پێیان نه‌كرا له تشرینی یه‌كه‌می 1997 جێبه‌جێی بكه‌ن، ئه‌م كاره‌ش نه‌ك هه‌ر ته‌نیا یاریكردن بوو به ئاگر، به‌ڵكو له سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی ده‌خسته هه‌مان ئه‌و لیسته‌ی كه په‌كه‌كه‌ی به تیرۆریست ناساندبوو.
سه‌رۆك بارزانی له كتێبه‌كه‌یدا باسی ئه‌وه‌ی كردووه، “له سه‌ره‌تای ساڵی 1997 له چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه هه‌مان بوو، ئاسانكارییه‌كی یه‌كجار زۆرمان بۆ په‌كه‌كه كردبوو و ته‌نانه‌ت باره‌گایه‌كیان له هه‌ولێر كرده‌وه، گوایه چاودێریی نه‌خۆش و برینداره‌كانیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام وه‌ك دوایی پارتی بۆی ده‌ركه‌وت، ئه‌و باره‌گه‌یان كردبووه باره‌گایه‌كی سه‌ربازی و به نه‌هێنی پڕیان كردبوو له چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌كی زۆر”.
به هه‌ر حاڵ وێرای ئه‌وه‌ی بۆ چاودێری و به‌رده‌وامیی ئاگربه‌ستی نێوان پارتی و یه‌كێتی، هێزێكی توركی به ناوی ” PMF” باره‌گایه‌كی له هه‌ولێر كردبووه‌وه و چاودێریی ئاگربه‌سته‌كه‌ی ده‌كرد، به‌ڵام له ئایاری 1997 پێشێلكارییه‌كانی ئاگربه‌ست ده‌ستی پێ كرده‌وه و سه‌ره‌تا له ژێر ناوی په‌كه‌كه و دواتر له به هاوبه‌شیی ” یه‌كێتی وپه‌كه‌كه” ده‌ستی پێ كرد، بۆ ئه‌مه‌ش له 16ی ئایاری 1997 هێزه‌كانی په‌كه‌كه له ناكاو هێرشیان كرده سه‌ر خاڵێكی پاسه‌وانیی سوپای بارزان و له‌م هێرشه خافڵگیرییه‌دا شه‌ش پێشمه‌رگه شه‌هید بوون و سیانزه‌ی دیكه‌ش بریندار بوون، ئه‌م هێرشه بووه هۆكاری ئه‌وه‌ی پارتی داوای ئه‌وه له په‌كه‌كه بكات له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێردا باره‌گاكانیان له هه‌ولێر چۆڵ بكه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه به‌م داوایه‌ی پارتی ڕازی بوو، به مه‌رجێ له پێشدا ژن و منداڵه‌كانیان ده‌ربكه‌ن، به‌ڵام پاش ئه‌وه سه‌نگه‌ریان له پارتی گرت و باره‌گاكه‌یان چۆڵ نه‌كرد، بۆیه هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیس ناچار بوون ڕووبه‌ڕوویان ببنه‌وه و له ئاكامدا باره‌گاكه كۆنتڕۆڵ كرا.
دوای ئه‌م شه‌ڕه سه‌پێنراوه‌ی په‌كه‌كه ئیدی یه‌كێتی و په‌كه‌كه هێرشی هاوبه‌شیان به ئاشكرا بۆ سه‌ر هێزه‌كانی پارتی ده‌ست پێ كرد و له 18ی ئایاری 1997 به هاوبه‌شی هێرشیان كرده سه‌ر میحوه‌ری قه‌سرێ و ئه‌م شه‌ڕه هاوبه‌شه‌شیان هێنده ئاشكرا بوو، كه وه‌ك سه‌رۆك بارزانی له كتێبه‌كه‌ی ئاماژه‌ی پێ كردووه و نووسیویه‌تی “دوای ئه‌م شه‌ڕه حه‌سه‌ن كاپلان فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی PMF بۆ چاودێریی ئاگربه‌ست، سه‌ردانی كردم و پێی گوتم كه شه‌ڕی قه‌سرێ، شه‌ڕی هاوبه‌شی یه‌كێتی و په‌كه‌كه بووه دژی پارتی و سێ وڵاتیشم له‌و بابه‌ته ئاگادار كردووه‌ته‌وه.”
پیلانی ئه‌و سیناریۆ ترسناكه‌ی كه سه‌رۆك بارزانی له كتێبه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی پێ كردووه، ته‌نیا بریتی نه‌بووه له شه‌ڕی هاوبه‌شی یه‌كێتی و په‌كه‌كه له دژی پارتی، به‌ڵكو پشتگیری و هاندانی هه‌ر سێ ده‌وڵه‌تی “ئێران و عێراق و سووریا”شی له‌گه‌ڵدا بووه بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به پارتی بهێنرێت، به‌ڵام له هه‌مانكاتدا دژی به‌رژه‌وه‌ندی و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ده‌وڵه‌تی توركیاش بووه، كه په‌كه‌كه ببێته هێزێكی گه‌وره له هه‌رێمی كوردستاندا، هه‌ر بۆیه ده‌وڵه‌تی توركیا به‌ر له هێرشه هاوبه‌ش و فروانه‌كه‌ی “یه‌كێتی و په‌كه‌كه به پشتیوانی ئێران و عێراق و سووریا” به چه‌ند مانگێك حیسابی ئه‌وه‌ی كردبوو كه نابێت ئه‌و هێرشه سه‌ركه‌وتوو بێت، هه‌ر بۆیه دوای هێرشه‌كه‌ی ڕۆژی 13ی تشرینی دووه‌می 1997ی “یه‌كێتی و په‌كه‌كه” بۆ سه‌ر پارتی و مقاوه‌مه‌تی جوامێرانه‌ی هێزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان له هه‌موو میحوه‌ره‌كانه‌وه، ده‌وڵه‌تی توركیا تێده‌گات ئه‌گه‌ر هاوكاری و یارمه‌تی هێزی پێشمه‌رگه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان نه‌كات، ئه‌وا هێزه‌كانی پارتی ناتوانن مقاوه‌مه‌تی هێزه هاوبه‌شه‌كه‌ی “یه‌كێتی و په‌كه‌كه” بكه‌ن كه پشتگیریی سێ ده‌وڵه‌تیان له‌گه‌ڵدایه، هه‌ر بۆیه له 3ی تشرینی دووه‌می 1997 شاندێكی سیاسی و سه‌ربازیی توركیا سه‌ردانی كوردستان ده‌كات و له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیار ده‌ده‌ن:
1- ده‌بێت هێزه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له ماوه‌ی 48 كاتژمێردا بكشێنه‌وه بۆ سنووره‌كانی ڕۆژی 12ی تشرینی یه‌كه‌می 1997.
2- ئه‌گه‌ر یه‌كێتی نه‌كشایه‌وه، توركیا دێته ناو بابه‌ته‌كه و به ئاگری تۆپخانه و تانك پشتگیریی هێزی پێشمه‌رگه ده‌كرێت، به‌ڵام هێزی زه‌مینی به‌شداریی شه‌ڕه‌كه ناكه‌ن.
3- دوای شكستی هێزه‌كانی “یه‌كێتی و په‌كه‌كه” نابێت هێزه‌كانی پارتی‌یش سنووری ڕۆژی 12ی تشرینی یه‌كه‌می 1997 تێپه‌ڕێنن.
دوای ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه و نه‌كشانه‌وه‌ی یه‌كێتی و په‌كه‌كه، توركیا هاوكارییه‌كانی ده‌ستی پێ كرد و ئه‌مجاره‌شیان هێزه‌كانی یه‌كێتی و په‌كه‌كه زۆر خراپتر له شه‌ڕه‌كانی 31ی ئابی 1996 شكان و ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی پارتی دوایان بكه‌وتنایه، جارێكی دیكه‌ش ده‌یانكردنه‌وه به ئێران‌دا، به‌ڵام هێزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌كه بوون و هێڵی 12ی تشرینی یه‌كه‌می 1997یان نه‌به‌زاند و، به‌مه‌ش جه‌وله‌ی چواره‌می شه‌ڕی خۆكوژی كۆتایی پێ هات و هه‌وڵه‌كان بۆ پرۆسه‌ی ئاشتی ده‌ستیان پێ كرد، هه‌تا له مانگی ئه‌یلوولی 1998 به ڕێككه‌وتنی ئاشتیی نێوان پارتی و یه‌كێتی له واشینگتۆن كۆتایی پێ هات.
ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی هه‌وڵه‌كانی ئاشتی و جددییه‌تی ئه‌مریكا و به‌ریتانیا له‌سه‌ر ئه‌م پرسه
سه‌رۆك بارزانی له لاپه‌ڕه 356ی كتێبه‌كه‌یدا سه‌باره‌ت به پێرۆزیی هێڵی 12ی تشیرینی یه‌كه‌می 1997 لای وڵاتان نووسیویه‌تی: “سوبحانه‌ڵڵا هێڵی 21/10 به لای ئه‌و وڵاتانه‌وه چه‌ند پیرۆز بوو، ده‌بێت بایه‌خ و گرنگیی ئه‌و هێڵه له چیدا بێت؟ وه‌ڵامه‌كه زۆر ڕوونه، مه‌به‌ستیان ته‌نیا ئه‌وه‌یه كه كوردستان یه‌كده‌ست و خاوه‌نی یه‌ك بڕیار نه‌بێت”، ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ی سه‌رۆك بارزانی بۆ نییه‌تی وڵاتان سه‌باره‌ت به ده‌سه‌ڵات و به‌رێوه‌بردنی كوردستان، وای كرد بیر له‌وه بكاته‌وه هه‌رچۆنێك بێت، به‌و جۆره‌ش شێوه‌یه‌ك له سه‌قامگیری بێنێته ئاراوه و كۆتایی به شه‌ڕی خۆكوژی له كوردستاندا بهێنرێت، هه‌ر بۆیه دوای ئه‌و سه‌ركه‌وتنه گه‌ورانه‌ش كه هه‌وڵه‌كان بۆ پرۆسه‌ی ئاگربه‌ست و ئاشتی له نێوان پارتی و یه‌كێتی ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه، سه‌رۆك بارزانی له‌سه‌ر ئاگربه‌ست و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی ڕازی ده‌بێت، به‌ڵام یه‌كێتی وێڕای شكسته یه‌ك له دوا یه‌كه‌كانی هه‌ر به دوودڵی و له لاوازی‌دا به ئاگربه‌ست و ئاشتی ڕازی ده‌بێت و، وه‌ك سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی پێ كردووه “یه‌كه‌م په‌یوه‌ندی له 21ی تشرینی دووه‌می 1997 له‌لایه‌ن “ده‌یڤید وێڵش”ـه‌وه كرا و، له په‌یوه‌ندییه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌وه كرا، یه‌كێتی داوای ئاگربه‌ست ده‌كات، ئایا پارتی ڕازییه؟ هه‌وره‌ها داواشی كرد كه مانگی داهاتوو (كانوونی یه‌كه‌می 1997) كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له نێوان پارتی و یه‌كێتی و ئه‌مریكا و به‌ریتانیا له له‌نده‌ن ساز بكرێت، به‌بێ ڕاگه‌یاندن.. له وه‌ڵامدا پێمان ڕاگه‌یاندن، ڕازیین، به مه‌رجێ جه‌لال تاڵه‌بانی خۆی له په‌كه‌كه دوور بخاته‌وه و به‌ڵێن بدات وه‌ك ڕابردوو په‌كه‌كه له ناوچه‌كان هێرش نه‌كه‌نه سه‌ر پارتی”. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه وێرای ئه‌وه‌ی یه‌كێتی له لاوازییه‌وه داوای ئاگربه‌ستی كرد، ڕۆژی 24ی تشرینی دووه‌می 1997 پارتی ئاگربه‌ستی ڕاگه‌یاند، به‌ڵام یه‌كێتی هه‌مان ڕۆژ ڕاینه‌گه‌یاند و ته‌نانه‌ت ڕۆژی 25ی تشرینی دووه‌م له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه به هاوبه‌شی هێرشیان كرده سه‌ر هێزه‌كانی پارتی، به‌ڵام كه تێك‌شكان و هیچیان پێ نه‌كرا، له 26ی تشرینی دووه‌می 1997 به ناچاری ئاگربه‌ستیان ڕاگه‌یاند.
دوای ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ست، پارتی دیموكراتی كوردستان له سه‌ره‌تای مانگی كانوونی دووه‌می 1998 كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی ڕێكخست، كه بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ درێژه‌ی پێ دا، بۆ ئه‌وه‌ی پارتی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی نوێ بۆ ئاشتی ڕابگه‌یه‌نێت، ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه نوێیه‌ی پارتی بۆ ئاشتی، خوالێخۆشبوو مامۆستا عه‌زیز محه‌مه‌د سیاسه‌تمه‌داری گه‌وره‌ی كورد ڕۆڵی باشی تێدا گێڕا و وه‌ك سه‌رۆك بارزانی له كتێبه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی پێ كردووه، له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ندین جار نامه‌ی زاره‌كی و نووسراوی له نێوان “مسعود بارزانی و مام جه‌لال گواستووه‌ته‌وه، خاڵی ئه‌رێنیی مامۆستا عه‌زیز محه‌مه‌د ئه‌وه بوو كه هه‌ردوولا بڕوا و متمانه‌یان به هه‌وڵه‌كانی هه‌بوو، به‌رهه‌می ئه‌و هه‌وڵانه‌شی ئه‌وه بوو كه هه‌ردوولا (پارتی و یه‌كێتی) ڕازی بوون له ڕۆژی 12ی ئابی 1988 یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌م كۆبوونه‌وه هاوبه‌شه‌ش بووه سه‌ره‌تای پته‌وبوونی ئاگربه‌ست و سه‌ره‌تایه‌ك بۆ دروستبوونی زه‌مینه‌یه‌ك بۆ ڕێككه‌وتنی ئاشتی.
دیاره به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی هه‌وڵه‌كانی ئاشتی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و له‌سه‌ر ده‌ستی سیاسه‌تمه‌دارێكی كورد، له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه به وردی چاودێری كراوه و جێگه‌ی خۆشحاڵیی ئه‌وان بووه، هه‌ر بۆیه ئه‌مریكا به هه‌موو هێزه‌وه دێته سه‌ر هێڵ و ده‌یه‌وێت ڕێككه‌وتنێكی كۆنكرێتیی ئاشتی له نێوان پارتی و یه‌كێتی دروست بكات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش سه‌رۆك بارزانی ئاماژه به‌وه ده‌كات “له ڕۆژی 30ی حوزه‌یرانی 1998 كاك هۆشیار له واشینگتۆنه‌وه بروسكه‌یه‌كی نارد، له‌و بروسكه‌یه‌دا هاتبوو كه بڕیاره له مانگی ته‌موزدا د‌یڤید وێڵش سه‌ردانی كوردستان بكات له پێناوی چه‌سپاندنی ئاشتی له كوردستاندا، نامه‌یه‌كیش بۆ جه‌نابت “مه‌سعود بارزانی” دێنێت بۆ سه‌ردانی واشتینگتۆن و ڕێكخستنی چه‌ند دیدارێك له ئاستی باڵا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌مریكا”.
ئه‌و بروسكه‌یه‌ی هۆشیار زێباری كه تیایدا باسی سه‌ردانی “د‌یڤید وێڵش” ده‌كات بۆ كوردستان و هێنانی بانگهێشتنامه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی سه‌ردانی ئه‌مریكا بكات، وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره بوو له بایه‌خدانی ئه‌مریكا به پرۆسه‌ی ئاشتی له كوردستان و هه‌روه‌ها پشتگیركردنی ئۆپۆزسیونی عێراقی بۆ ڕووخانی ڕژێمی سه‌دام حوسێن.. وه‌ك سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی پێ كردووه، دوای گه‌یشتنی ویڵش بۆ هه‌رێمی كوردستان له ڕۆژی 17ی ته‌موزی 1998 به‌مجۆره ده‌ستی به قسه‌كانی كردووه: “سه‌ردانه‌كه‌م به‌ڵگه‌ی گرنگیدانی ئه‌مریكا به عێراق و هه‌رێمی كوردستانه، ئه‌مریكا بایه‌خ به په‌یوه‌ندییه دوو قۆڵییه‌كانی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌دات.. دوای كێشه و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی ئه‌م دواییه، هه‌ستمان كرد باشترین هاوكاری و یارمه‌تیدان بۆ پاراستنی ناوچه‌كه‌تان، كاركردنه له پێناو یارمه‌تیدانی پارتی و یه‌كێتی بۆ گه‌یشتن به ڕێككه‌وتنێكی ته‌واو به‌رده‌وام”.
ئه‌م قسانه‌ی د‌یڤید وێڵش كه ده‌ربڕی خواستی ئیداره‌ی ئه‌مریكی بوو بۆ ئاشتی له نێوان پارتی و یه‌كێتی و پاراستنی هه‌رێمی كوردستان، بووه هۆكاری ئه‌وه‌ی كه سه‌رۆك بارزانی نه‌رمیی زیاتر بنوێنێت و ئاماده‌یی زیاتر ده‌رببڕێت بۆ كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ مام جه‌لال، دوای ئه‌وه‌ی وێڵش بانگهێشتنامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكای پێ ده‌دات و دواتر پێی ڕاده‌گه‌یه‌نێت سه‌ردانه‌كه له مانگی ئه‌یلوولی 1998 ده‌بێت، سه‌رۆك بارزانی بانگهێشتنامه‌كه قبووڵ ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی ئاكامی سه‌ردانه‌كه‌ش سه‌ركه‌وتوو بێت و پارتی و یه‌كێتی له واشینگتۆن بگه‌نه ڕێككه‌وتنێكی ئاشتیی كۆنكرێتی، هه‌ر له مانگی ئاب كۆبوونه‌وه‌یه‌كی مه‌كته‌بی سیاسی گرێ ده‌ده‌رێت و هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیار ده‌درێت شاندیكێ پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ردانی مام جه‌لال بكات، ئه‌م سه‌ردانه‌ش زۆر به ئیجابی له‌لایه‌ن مام جه‌لاله‌وه وه‌رگیرابوو و بووه فاكته‌رێك بۆ ئه‌وه‌ی دیداری نێوان سه‌رۆك بارزانی و مام جه‌لال له وه‌زاره‌تی دره‌وه‌ی ئه‌مریكا له واشینگتۆن سه‌ركه‌وتوو بێت.
ڕێككه‌وتنی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له واشینگتۆن له ڕۆژی 17ی ئه‌یلوولی 1998 له باره‌گای وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كه به ئاماده‌بوونی د‌یڤید وێڵش و سه‌رۆك بارزانی لایه‌نی پارتی و مام جه‌لال له لایه‌نی یه‌كێتی ئیمزای ده‌كه‌ن، وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره بووه له بایه‌خدانی ئه‌مریكا به پرسی كورد له‌و ئاسته به‌رزه‌دا، به‌تایبه‌تیش كه دواتر به بۆنه‌ی ئیمزاكردنی ڕێككه‌وتنامه‌كه به ئاماده‌بوونی مادلین ئۆلبرایت وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و كاتی ئه‌مریكا و ژماره‌یه‌كی زۆری كه‌سایه‌تی، ڕێوڕه‌سمێكی گه‌وره ڕێك خرا و چه‌ندین وتار پێشكه‌ش كران.. ئه‌م مه‌راسیمه گه‌وره‌یه بۆ پرسی كورد بووه‌ته ڕۆژێكی مێژوویی گرنگ و، ئه‌م ڕێككه‌وتنه به جۆرێك به‌سته‌ڵه‌كی نێوان پارتی و یه‌كێتی توانده‌وه كه گه‌یشته ئه‌وه‌ی له ڕۆژی 8ی كانوونی دووه‌می 1999 مام جه‌لال هه‌واڵ بۆ مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی ده‌نێرێت كه به‌نیازه سه‌ردانی هاوینه‌واری سه‌لاحه‌دین بكات، ئه‌م هه‌واڵه‌ش زۆر به گه‌رمی له‌لایه‌ن سه‌رۆك بارزانی و مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازی لێ ده‌كرێت و بڕیار ده‌ده‌ن كه ڕۆژی 14ی كانوونی دووه‌می 1999 پێشوازییه‌كی گه‌وره و شایسته له مام جه‌لال بكه‌ن و سه‌رۆك بارزانی له كتێبه‌كه‌ی ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه بۆ پێشوازیی مام جه‌لال بڕیامان دا:
1- شاندێكی گه‌وره‌ی مه‌كته‌بی سیاسی بچێته دیگه‌ڵه و له‌وێوه پێشوازی لێبكات.
2- خۆیشم “مسعود بارزانی” چوومه گۆمه‌سپان و له‌وێوه پێكه‌وه هاتین بۆ هاوینه‌واری سه‌لاحه‌دین.
ئه‌م سه‌ردانه بووه هۆكاری ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌یه‌كی تازه بۆ جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنی واشنتۆن بێته ئاراوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ته‌فسیری بڕگه‌كانی ڕێككه‌وتنی واشنتۆن یه‌كێتی هه‌ر ده‌یویست به لۆژیكی “په‌نجا به په‌نجا” ته‌فسیریان بۆ بدۆزێته‌وه، ئه‌مه‌ش خێرایی جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی خاو كرده‌وه.
كۆنگره‌ی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان
دوای ئه‌و به‌ره‌وپێشووچوونانه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتیی نێوان پارتی و یه‌كێتی و دروستبوونی زه‌مینه‌یه‌ك بۆ ئاشتییه‌كی به‌رده‌وام، قۆناخێكی نوێ له كوردستان هاته‌ئاراوه و بۆ هه‌ر قۆناخێكی نوێش نه‌ریتی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌و جۆره‌یه كه پێویسته كۆنگره‌ی خۆی ئه‌نجام بدات و خۆی بۆ ئه‌و قۆناخه نوێیه ئاماده بكات، بۆ ئه‌مه‌ش پارتی دیموكراتی كوردستان له ڕۆژی 14ی ئاداری 1999 له دواكۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی بڕیار ده‌دات كه له 6ی تشرینی یه‌كه‌می 1999 كۆنگره‌ی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان گرێ بدرێت.
له‌م كۆنگره‌یه‌دا 1506 كه‌س وه‌ك نوێنه‌ری كۆنگره به‌شدار بوون، هه‌روه‌ها هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان میوانی كۆنگره بوون و چه‌ندین بروسكه‌ی پیرۆزباییش له سه‌رانسه‌ری جیهانه‌وه له كه‌سایه‌تی و حزبه سیاسییه‌كانه‌وه ئاراسته‌ی كۆنگره‌كه كرابوون.
كۆنگره له ڕۆژی 6 تا 14ی تشرینی یه‌كه‌می 1999 خایاند و سه‌ره‌نجام سه‌ركردایه‌تییه‌كی نوێ بۆ پارتی هه‌ڵبژێردرا كه بریتی بوون له “31ئه‌ندام + 9 ئه‌ندامی یه‌ده‌گ” و، دوای ئه‌وه‌ش مه‌كته‌بی سیاسیی نوێ هه‌ڵبژێردرا و له یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی خۆی له 19ی تشرینی یه‌كه‌می 1999 كۆمه‌ڵێك بڕیاری بۆ گۆڕانكاری له ناو پارتی ده‌ركرد كه بریتی بوون له:
1- جه‌وهه‌ر نامیق سالم له سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه ده‌گوازرێته‌وه بۆ سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی.
2- دكتۆر ڕۆژ نووری شاوه‌یش له سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه ده‌گوازرێته‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان.
3- نێچیرڤان بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی چواره‌م ڕابسپێرێت.
4- سامی عه‌بدولڕه‌حمان به جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دابنرێت.
5- فازڵ میرانی ئه‌ركی مه‌كته‌بی ڕێكخستن و لقی دوو بگرێته ئه‌ستۆ.
6- فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی بكرێته به‌رپرسی ڕاگه‌یاندن.
7- هۆشیار زێباری ببێته به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه.
8- عومه‌ر بۆتانی ببێته به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه نیشتمانییه‌كان.
9- ڕه‌مزی شه‌عبان ببێته به‌رپرسی دارایی.
10- عارف ته‌یفوور ببێته به‌رپرسی ڕێكخراوه جه‌ماوه‌ری و پیشه‌ییه‌كان.
11- سه‌عد عه‌بدوڵا ببێته به‌رپرسی مه‌كته‌بی دیراسات.
12- مسرور بارزانی و كه‌ریم شنگالی بۆ پاراستنی گشتی.
13- ئازاد به‌رواری یارمه‌تیی سه‌رۆك بدات له كاروباره‌كاندا.
دوای ئه‌م گۆڕانكارییانه به‌رپرسی نوێش بۆ هه‌موو لقه‌كان دانران، به‌مه‌ش پارتی به به‌رنامه‌یه‌كی نوێوه خۆی بۆ پێشهاته تازه‌كان ئاماده كرد، كه له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه ئه‌و ئاماده‌باشییانه‌ی به‌ریتانیا و ئه‌مریكا بوو كه به‌رده‌وام جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كرایه‌وه و كه ده‌بێت ڕژێمی سه‌دام حوسێن نه‌مێنێت و لاببرێت.
هه‌ر دوابه‌دوای به سه‌ركه‌وتوویی گرێدانی كۆنگره‌ی 12ی پارتی و پابه‌ندبوونی پارتی به جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتننامه‌ی واشنتۆن له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا، له سه‌ره‌تای ساڵی 2000 هه‌وڵه‌كانی ئه‌مریكاش بۆ پشتگیریكردن له جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه، كه‌وتنه جووڵه و له 8ی شوباتی 2000 شاندێكی ئه‌مریكا گه‌یشتنه هاوینه هه‌واری سه‌لاحه‌دین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و چه‌قبه‌ستووییه‌ی كه ڕێككه‌وتنی واشنتۆنی تێكه‌تووه، ده‌ست به جووڵه بكات.. جێگه‌ی ئاماژه پێدانه گه‌یشتنی چه‌قبه‌ستوویی ڕێككه‌وتنه‌كه به هۆی ئه‌وه بوو كه مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی دوو بڕیاری ناشه‌رعی دابوو كه بریتی بوون له:
1- مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی بریاری دابوو، جگه له دادگایه‌كی شه‌رعی، دادگایه‌كی ته‌میزیشی له سلێمانی دامه‌زراندبوو.
2- به بڕیاری مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی مام جه‌لال خۆی كردبووه سه‌رۆكی هه‌رێم.
دوای ئه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌م دوو پێشلكارییه‌ی یه‌كێتی به شاندی ئه‌مریكا ڕاگه‌یاند، شاندی ئه‌مریكی سه‌ردانی سلێمانییان كرد و پاش كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی، ئه‌م وه‌ڵامه‌یان بۆ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی هێنایه‌وه:
• به مام جه‌لالیان ڕاگه‌یاندبوو ده‌بێت هه‌ر دوو هه‌ڵه‌كه ڕاست بكرێته‌وه.
• داواكاریی ئه‌مریكا له پارتی و یه‌كێتی ئه‌وه‌یه “نوێكردنه‌وه و پابه‌ندبوون به ڕێككه‌وتننامه‌ی واشینگتۆن” .
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی ساڵانی 2000 تا 2002 به‌رده‌وام پێشلكاری و كۆبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وام بۆ ڕێككه‌وتننامه‌ی واشنتۆن بوونی هه‌بووه، به‌ڵام هه‌تا 4ی تشرینی یه‌كه‌می 2002 په‌رله‌مانی كوردستان نه‌یتوانی به ئاماده‌بوونی هه‌ر دوو فراكسێۆنی “سه‌وز و زه‌رد” كۆببێته‌وه، ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه ئه‌وه‌نده گرنگ بوو كه خاتوو دانیال میتران دۆستی گه‌وره‌ی كورد له پاریسه‌وه بۆ ئاماده‌بوونی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه هاتبووه هه‌ولێر و وه‌ك سه‌رۆك بارزانی نووسیویه‌تی: ” مادام میتران به من – مسعود بارزانی- و مام جه‌لالی گوت: ئێستا له‌گه‌ڵ هه‌ردووكتان ئاشت بوومه‌وه، ئه‌گینا له هه‌ردووكتان عاجز بووم ” .
ڕووداواكانی 2001
1- شه‌هیدكردنی فرانسۆ هه‌ریری
شه‌هید فرانسۆ هه‌ریری كه یه‌كێك بووه له تیكۆشه‌ره‌كانی هه‌ر دوو شۆڕشی ئه‌یلوول و گوڵان و یه‌كێك بوو له كه‌سه نزیكه‌كانی جه‌نابی مسته‌فا بارزانی، له یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی كوردستان له 19ی ئایاری 1992 هه‌ڵبژێردرا بۆ ئه‌ندامی ئه‌و په‌رله‌مانه‌ی كه بۆ یه‌كه‌م جار له كوردستاندا دامه‌زرا و، بووه سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، كه گه‌وره‌ترین فراكسیۆنی ناو په‌رله‌مان بوو. شه‌هید فرانسۆ هه‌ریری له ماوه‌ی ژیانی په‌رله‌مانتاریدا ڕۆڵێكی گرنگی له ده‌ركردنی یاساكان و به‌دامه‌زراوه‌كردنی كۆی دامه‌زراوه‌كانی كوردستان هه‌بووه. به‌رده‌وام دژی گه‌نده‌ڵی و پاشاگه‌ردانی له كوردستان ڕۆڵی سه‌ركرده‌یه‌كی به‌رپرسیاری گێڕاوه و، له دوای ئازادكردنی شاری هه‌ولێریش له ساڵی 1996 بووه پارێزگاری هه‌ولێر و له‌و ماوه‌یه‌ی كه پارێزگاری هه‌ولێر بوو، زۆر حه‌كیمانه توانی ڕیشه‌ی ڕق و كینه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ له نێوان هاووڵاتیانی ته‌واوی پارێزگای هه‌ولێردا هه‌ڵبكێشیت و تۆوی برایه‌تی و پێكه‌وه ژیان له نێوان لایه‌نه سیاسییه جیاوازه‌كان و پێكهاته جیاوازه‌كانی كوردستاندا دووباره شین بكاته‌وه و، پێشخستن و پێشكه‌وتنی هه‌ولێر له زیهنی شه‌هید فره‌نسۆ هه‌ریریدا خه‌یاڵێكی زیندووی نه‌بڕاوه بوو و، توانی چه‌ندین شاكاری به‌رز له پایته‌ختی كوردستان دروست بكات وه‌ك (كۆشكی هونه‌ر، نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆجێی هه‌ولێر بۆ ئاستی یاریگه‌یه‌كی ستانده‌ری نێوده‌وڵه‌تی) ئه‌م دوو شاكاره ئێستا هه‌ر بووه‌ته سیمایه‌كی جوانی پایته‌خت، یاریگه‌ی هه‌ولێریش دوای شه‌هیدبوونی كرایه یاریگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی شه‌هید فرانسۆ هه‌ریری.
شه‌هید فرانسۆ هه‌رێری دۆستی نزیكی هه‌موو قوتابیان و لاوانی كوردستان بوو و بایه‌خێكی زۆری به هه‌ر دوو توێژی قوتابیان و لاوان ده‌دا و، ڕۆژی 18ی شوباتی 2001یش كه ساڵیادی ڕۆژی دامه‌زراندنی هه‌ر دوو ڕیكخراوی قوتابیان و لاوانی كوردستانه، شه‌هید فره‌نسۆ هه‌ریری ده‌یه‌وێت بێچته سه‌ركاره‌كه‌ی، كه ئه‌وكات به‌رپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، پاشان له‌وێوه بچێت بۆ مه‌راسیمی یادكردنه‌وه‌ی ساڵیادی هه‌ر دوو ڕیكخراوی (قوتابیان و لاوان) به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌سه‌ر شه‌قامی 60 مه‌تریی هه‌ولێر، تیرۆریستانی (جوندولئیسلام) شه‌هیدی ده‌كه‌ن. سه‌رۆك بارزانی له كتێبه‌كه‌یدا به‌م جۆره باسی ئه‌و ڕووداوه ده‌كات: “یه‌كێك له ڕووداوه خه‌مناكه‌كانی مانگی شوباتی ساڵی 2001، تیرۆری فره‌نسۆ هه‌ریری بوو. شه‌هیدبوونی فره‌نسۆ هه‌ریری ڕووداوێكی زۆر خه‌مناك و دڵته‌زێن بوو. یه‌كێك بوو له كه‌سه نزیكه‌كانی بارزانیی نه‌مر. له ناو جه‌ماوه‌ردا زۆر خۆشه‌ویست بوو، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی بوو به پارێزگاری هه‌ولێر. شه‌هید فره‌نسۆ كریستیان بوو، به‌ڵام فه‌رقی نه‌ده‌كرد و ڕۆڵی زۆری له قووڵكردنه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ژیان له‌ناو پێكهاته‌كان گێڕا، زۆربه‌ی زۆری ئه‌وانه‌ی خۆشیان ده‌ویست و لێی نزیك بوون، موسڵمان بوون. دوو ڕۆژ دوای شه‌هیدبوونی، ته‌رمه‌كه‌ی له شارۆچكه‌ی هه‌ریر به ئاماده‌بوونی ده‌یان هه‌زار كه‌س به خاك سپێردرا و منیش (مسعود بارزانی) له ڕێوڕه‌سمی ماڵئاوایی و به خاكسپاردنه‌كه‌ی وتارێكم پێشكه‌ش كرد، دوای ماوه‌یه‌ك ئاشكرا بوو كه گرووپی تیرۆریستی جوندولئیسلام له پشت تیرۆركردنی شه‌هید فره‌نسۆ بووه”.
2- كاره‌ساتی 11ی سێپته‌مبه‌ری 2001
سه‌رۆك بارزانی له كتێبه‌كه‌یدا سه‌باره‌ت به ڕێككه‌وتنی 11ی ئه‌یلوول نووسیویه‌تی: “به ڕاستی ڕێككه‌وتێكی سه‌یر بوو، گه‌وره‌ترین شۆڕش له مێژووی گه‌لی كوردستاندا له 11ی ئه‌یلوولی 1961 هه‌ڵگیرسا، بۆیه مانگی ئه‌یلوول گرنگی و تایبه‌تمه‌ندیی خۆی بۆ گه‌لی كوردستان هه‌یه. هه‌ر له ساڵی 2001ـه‌وه 11ی ئه‌یلوول ڕۆژێكی هێجگار گرنگه له مێژووی ئه‌مریكا و ته‌نانه‌ت له مێژووی تازه‌ی هه‌موو جیهاندا و دیمه‌نەكانی ئه‌و ڕۆژه هه‌رگیز له یاد ناچنه‌وه”.
ئه‌وجا له‌سه‌ر ئه‌و وه‌سفه‌ی سه‌رۆك بارزانی بۆ 11ی ئه‌یلوولی ساڵی 1961ی كوردستان و 11ی ئه‌یلوولی ئه‌مریكای ده‌كات، چۆن ڕۆژی پێش 11ی ئه‌یلوولی 1961ی كوردستان مێژوویه‌كه و ڕۆژی دوای 11ی ئه‌یلوولی 1961 ده‌ستپێكی مێژوویه‌كی تازه‌یه بۆ گه‌لی كوردستان، به هه‌مان شێوه ڕۆژی پێش 11ی ئه‌یلوولی 2001 مێژوویه‌كه بۆ ئه‌مریكا و ته‌واوی جیهان و ڕۆژی دوای 11ی ئه‌یلوولی 2001یش ده‌ستپێكی مێژوویه‌كی تازه‌یه بۆ ئه‌مریكا و ته‌واوی جیهان و، ئه‌م كرده‌وه تیرۆریستییه كه ئوسامه بن لادن و ڕیكخراوی ئه‌لقاعیده به شانازییه‌وه به‌رپرسیاریه‌تییان گرته ئه‌ستۆی خۆیان، سه‌ره‌تا جیهانی گۆڕی و ناوی لێ نرا “جیهانی دوای 11ی سێپته‌مبه‌ر” و هه‌موو جیهانی له یه‌ك به‌ره‌دا كۆكرده‌وه، كه ئه‌ویش به‌ره‌ی “دژی تیرۆریستان)” بوو ، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بڕیاری ده‌ركرد به پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی به سه‌رۆكایه‌تیی په‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی، كه ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان هه‌موو بنكه و باره‌گاكانی ڕیكخراوی تیرۆریستیی ئه‌لقاعیده له ئه‌فغانستان ده‌ر نه‌كات، ئه‌وا ئه‌و هاوپه‌یمانییه هێرش ده‌كاته سه‌ر ئه‌فغانستان و حكومه‌تی تاڵیبان ده‌ڕووخێنێت، سه‌ره‌نجامیش حكومه‌تی تاڵیبان ملی بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش نه‌دا، بۆیه له 7ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2001 هێرشی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان بۆ سه‌ر ئه‌فغانستان ده‌ستی پێ كرد و، له ماوه‌یه‌كی كورتدا حكومه‌تی تاڵیبان ڕووخا و هێزه‌كانی ئه‌لقاعیده‌ش له كابول و زۆربه‌ی شاره‌كانی ئه‌فغانستان ده‌ركران.
سه‌ركه‌وتنی خێرای ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی له ڕووخاندنی حكومه‌ته‌كه‌ی تاڵیبان بووه هۆكار و هانده‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌تای ساڵی 2002 ئه‌مریكا بڕیاری ته‌واو بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی سه‌دام حوسێن بدات و یاسای ڕزگاركردنی عێراق له‌لایه‌ن جۆرج ده‌بلیو بوشه‌وه ئیمزا بكرێت.
ساڵی 2002 و جددییه‌تی ئه‌مریكا و به‌ریتانیا بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی سه‌دام حوسێن
سه‌رۆك بارزانی له به‌رگی پێنجه‌می كتیبه‌كه‌ی به‌مجۆره پۆلێنی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ئه‌مریكای كردووه، كه بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه بوون بۆ جددییه‌تی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به ڕووخاندنی ڕژێمی سه‌دام حوسێن:
1- له 30ی كانوونی دووه‌می ساڵی 2002 سه‌رۆك جۆرج ده‌بلیو بوش له وتاره ئیتحادییه‌كه‌یدا، هێرشێكی زۆری كرده سه‌ر عێراق و ڕایگه‌یاند ماوه‌ی 10 ساڵه عێراق له ئه‌مریكا یاخی بووه.
2- ڕۆژی 16ی شوباتی 2002 كۆڵن پاوه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند: پێویسته ڕژێمی عێراق بگۆڕدرێت و ئه‌گه‌ر پێویست بێت، ئه‌مریكا به ته‌نیا ئه‌م كاره ڕاده‌په‌ڕێنێت.
3- ڕۆژی 27ی شوباتی 2002 تۆنی بلێر سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا ڕایگه‌یاند: عێراق به‌رده‌وامه له دروستكردنی چه‌كی كۆمه‌ڵكوژ.
4- ڕۆژی 17ی شوباتی 2002 شاندێكی سه‌ر به (سی ئای ئه‌ی) سه‌ردانی كوردستانی كرد و پێیان ڕاگه‌یاندین: ئه‌مریكا بڕیاری داوه كه ڕژێمی سه‌دام له ده‌سه‌ڵاتدا نه‌مێنێت.
5- له 1ی نیسانی 2002 شاندێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به سه‌رۆكایه‌تیی ڕایان كرۆكه‌ر هاتنه كوردستان و، دوای كۆبوونه‌وه په‌یامێكیان بۆ سه‌رۆك بارزانی هێناوه كه ڕۆژی 14ی نیسان سه‌ردانی واشینگتۆن بكات.
6- ڕۆژی 15ی مانگ سه‌رۆك بارزانی به یاوه‌ریی مسرور بارزانی و هۆشیار زیباری له فرانكفۆرته‌وه به فڕۆكه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ڕێ ده‌كه‌ون و پێش ئه‌وان مام جه‌لال و به‌رهه‌م ساڵح و پاڤڵ تاڵه‌بانی گه‌یشتبوونه واشنتۆن.
7- ڕۆژی 16ی نیسان له‌گه‌ڵ ماك لۆخن جێگری سه‌رۆكی (سی ئای ئه‌ی) كۆده‌بنه‌وه و له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا لۆخن ڕایده‌گه‌یه‌نێت: “ئه‌مریكا بڕیاری داوه كه پێویسته ڕژێمی سه‌دام حوسێن له ده‌سه‌ڵاتدا نه‌مێنێت، پێویسته كورد به ته‌واوی مافه‌كانیان بگه‌ن، ئه‌مریكا به سیستمی فیدڕاڵی ڕازییه”
8- له ڕۆژی 26ی ته‌موزی 2002 وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا په‌یامێكی ئاراسته‌ی ئه‌م به‌ڕێزانه كردبوو (مه‌سعود بارزانی، مام جه‌لال، ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی، شه‌ریف عه‌لی، ئه‌یاد عه‌للاوی، باقر حه‌كیم) بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی واشینگتۆن بكه‌ن، له مانگی ئابی 2002 شانده‌كه ده‌گاته ئه‌مریكا، به‌ڵام له بری سه‌رۆك بارزانی ، هۆشیار زێباری ده‌چێت.
9- له ڕۆژی 16ی تشرینی یه‌كه‌می 2002 سه‌رۆك جۆرج ده‌بلیو بوش یاسای به‌كارهێنانی هێزی دژی عێراق ئیمزا كرد.
10- له 11ی تشرینی یه‌كه‌می 2002 كۆڵن پاوه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه ڕایگه‌یاند: “پێویسته دوای ڕووخانی ڕژێمی سه‌دام ، حكومه‌تێكی سه‌ربازی هاوشێوه‌ی حكومه‌تی ژاپۆن و ئه‌ڵمانیا له دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی، دابمه‌زرێت.
11- ڕۆژی 11ی تشرینی یه‌كه‌می 2002 هه‌ر دوو ئه‌نجومه‌نی (نوینه‌ران و پیران) ده‌سه‌ڵاتیان به سه‌رۆكی ئه‌مریكا دا، بۆ به‌كارهێنانی هێز دژی عێراق.
12- ڕۆژی 2ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2002 سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ شاندێكی گه‌وره‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی سه‌ردانی مام جه‌لال له دووكان ده‌كه‌ن، ئه‌م سه‌ردانه وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره‌ی له په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو حزب (پارتی و یه‌كێتی) دروست ده‌كات.
13- ڕۆژی 4ی تشرینی یه‌كه‌م بۆ یه‌كه‌مین جار له دوای ساڵی 1996 په‌رله‌مانی كوردستان به ئاماده‌بوونی ته‌واوی ئه‌ندامانی هه‌ر دوو فراكسیۆنی (زه‌رد و سه‌وز) كۆده‌بێته‌وه.
14- دوو ڕۆژ دوای ئه‌وه له سلێمانی جارێكی دیكه په‌رله‌مانی كوردستان به ئاماده‌بوونی سه‌رۆك بارزانی و مام جه‌لال كۆده‌بێته‌وه و، به‌مه‌ش قۆناخێكی تازه له كاری هاوبه‌شی حوكمڕانی له كوردستان ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه.
ڕووداوه‌كانی ساڵی 2002 سه‌باره‌ت به ڕووخانی ڕژێمی سه‌دام حوسێن و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی تازه به ناوی ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵی و په‌رله‌مانی و فره‌یی و دیموكراتی له عێراقدا، ڕووداوگه‌لێكی مێژوویی گه‌وره‌ی ئه‌وتۆن، كه له مێژووی عێراقدا ساڵی ئاوا پڕگۆرانكاری له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌رامبه‌ر به عێراق نه‌بووه و، له‌م ساڵه‌دا خاڵی نه‌رێنی هه‌ڵسوكه‌وته ئیستفزازی و هه‌ڕه‌شه سه‌ربازییه‌كانی توركیا له دژی هه‌رێمی كوردستان په‌ره‌ی سه‌ند، كه ژه‌نڕاڵه‌كانی سوپای توركیا هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشی سه‌ربازییان بۆ داگیركردنی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرد، له به‌رامبه‌ریشدا سه‌رۆك بارزانی له په‌یامێكدا پێی ڕاگه‌یاندن: “ئه‌گه‌ر توركیا بێته ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان به هه‌موو توانامانه‌وه شه‌ڕی خۆمان ده‌كه‌ین، تا چه‌كه‌كانمان له‌سه‌ر لاشه‌كانمان هه‌ڵده‌گرن”.
سه‌رۆك بارزانی زۆر ڕاشكاوانه به ئه‌مریكییه‌كانیشی ڕاگه‌یاندووه و ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه ڕاسته هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ئه‌و توانایه‌ی نییه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تێكی گه‌وره‌ی وه‌ك توركیا شه‌ڕ بكات، به‌ڵام جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه ئه‌گه‌ر (ته‌نیا بۆ یه‌ك كاتژمێر)یش بتوانین، شه‌ڕی خۆمان ده‌كه‌ین.
سه‌رۆك بارزانی له كتێبه‌كه‌یدا سه‌باره‌ت به ئاماده‌كاریی توركیا بۆ داگیركردنی كوردستان نووسیویه‌تی: “ڕۆژی 13ی تشرینی دووه‌می 2002 وڵاتێكی ئه‌وروپی زانیاریی پێداین، توركیا ئاماده‌كاریی كردووه كه به 75 هه‌زار سه‌رباز و هه‌زار تانك و 1500 زرێپۆش و پشتیوانیی تۆپخانه هێرش بكاته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان… به‌ڵام له ڕۆژی 14ی تشرینی دووه‌می ساڵی 2002 هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا به‌ڕێوه چوو و حزبه كلاسیكی و نه‌ته‌وه په‌رسته‌كان تووشی شكستێكی گه‌وره بوون، پارتی داد و گه‌شه‌پێدان دوو له‌سه‌ر سێی كورسییه‌كانی برده‌وه”.
به‌مه‌ش بارودۆخی سیاسی له توركیا گۆڕاو له ئاداری ساڵی 2003 ئه‌مریكا هێرشی كرده سه‌ر عێراق و ڕژێمی سه‌دام حوسێنی ڕووخاند.