پارەی گەنمی جوتیاران سەرف دەكرێت

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، چەکێکی 150 ملیار دیناری بۆ دابەشکردنی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان گەیشتووە و لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

نەوزاد شێخ کامیل گوتیشی: ئەو چەکەی گەیشتووە بۆ دابەشکردنی قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستانە و بەهۆی ئەوەی سبەی یەکشەممە پشووی فەرمییە و لە ڕۆژانی داهاتووش ڕێکارە ئیداری و بانکییەکان، دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران دەکەوێتە ناوەڕاستی هەفتە داهاتوو.

هەروا ئاماژەیدا، لەو 150 ملیار دینارەی بڕیاری خەرجکردنی دراوە، بڕی 47 ملیار و 373 ملیۆن و 835 هەزار دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێرە و بڕی 35 ملیار و 541 ملیۆن و 48 هەزار دیناریش پارەی گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگای دهۆکە.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: هەر لەو چەکەی بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی جووتیاران ڕەوانەکراوە بڕی 67 ملیار و 84 میلۆن و 117 هەزار دینار پارەی جووتیارانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ڕاپەڕینە.

ئەمساڵ بڕی 700 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە، و بەپێی ڕێککەوتنی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی عێراق 228 هەزار تۆن بۆ پارێزگای هەولێر، 282 هەزار تۆن بۆ پارێزگای سلێمانی و 189 هەزار تۆنیش بۆ پارێزگای دهۆک دیاری کرابوو.

دڵخوازەكانتان