وەزارەتی ناوخۆ بە توندی وەڵامی تۆمەتێكی باڵیۆزی ئێران دەداتەوە

وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان روونكردنەوەیەك لەبارەی تۆمەتە بێ بنەماكانی باڵیۆزی ئێران سەبارەت بە بۆردومانەكانی شاری هەولێر بڵاو كردەوە و رایگەیاند كە تۆمەتەكان بێ بنەما و بوختانن.

وەزارەتی ناوخۆ لە روونكردنەوەكەدا دەڵێت ” لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق تۆمەتێکی بێ بنەما ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکات و جارێکی دیکە بۆردومانکردنی خەڵکی مەدەنی لە هەولێر دەبەستێتەوە بە بەرگریکردن لە خۆیان بەرامبەر ئیسرائیل”.دەشڵێت “هەموو ئەو تۆمەتە بێ بنەما و درۆ و بوختانانە بە توندی رەت دەکەینەوە کە پێشتریش ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون”.هەروەها دەڵێت “لێژنەی باڵا لە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ سەردانی ئەو شوێنانەی کردووە کە بۆردومان کراون و تۆمەتەکان بێ بنەما دەرچوون و رەتکراوەتەوە”.لە ماوەی رابردوودا لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە چەند جارێك بۆردومانی هەولێری پایتەخت كراوە، دوایین بۆردومانیش لە سەرەتای ئەمساڵ بوو كە بە هاژەكی بالیستی ماڵی هاووڵاتی پێشڕەو دزەیی گەورە بازرگانی هەرێمی كوردستان بۆردومان كرا و بەهۆیەوە 4 كەس گیانیان لەدەست دا و 6ی دیكەش بریندار بوون.دواتر لیژنەی باڵای بەدواداچوون لەلایەن حكوومەتی عێراقی فیدڕالەوە دوای سەردانیكردنی شوێنی بۆردومانەكان، سەرجەم تۆمەتەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانی رەتكردەوە و جەختی كردەوە كە ئەو شوێنانەی بۆردومان كراون ماڵی هاووڵاتییەكی ئاسایی و بازرگانێكی هەرێمی كوردستانە.

دڵخوازەكانتان