مەسرور بارزانی سەرپەرشتیی واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و به‌ريتانيادا کرد

سێشەممە، 03-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی له‌ شاندێکی بەریتانی بە سەرۆکایەتی ئۆلیڤەر کریستیان، کۆمسیاری شای بەریتانیا بۆ کاروباری بازرگانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاکستان، کرد.

بە گوێڕەی ڕاگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا کە ئەندرو بیزلی، كونسوڵى گشتيى ‌شانشینی یەکگرتوو له‌ هه‌رێمى كوردستان ئامادەی بوو؛ گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە بوارەکانی بازرگانیی و وەبەرهێناندا کرا.  

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی پشتیوانیی و هاریکاریی بەردەوامی شانشینی یەکگرتووی کرد بۆ هەرێمی کوردستان و خواستی پێشخستنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنەشی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە.

کۆمسیاری شای بەریتانیا بۆ کاروباری بازرگانی، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “ئاماژەی بە پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان کرد کە دەرفەتی زۆر بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولادا هەیە”.

پاشان سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، چاودێری و سەرپەرشتی مۆرکردنی ڕێککەوتنێکی لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرد کە لە بواری پەرەپێدانی بازرگانی و دەستنيشانکردنی ئەو بوارانەی کە لە پیشینەن بۆ کار لەسەرکردن و پێشخستن و گەشەپێدانیان، وەک کشتوکاڵ و تەندروستی و پێشخستنی توانا مرۆییەکان و تەکنەلۆجیا.

دڵخوازەكانتان