باڵیۆزی پاكستان دەستخۆشی لە حكوومەت و سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان دەکات

سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە باڵوێزی پاكستان لە عێراق كرد و بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵیان تاوتوێ كرد.

ئەمڕۆ سێشەممە 27/8/2024 لە سەلاحەدین، سەرۆك بارزانی پێشوازی لە محەمەد زیشان ئەحمەد، باڵوێزی پاكستان لە عێراق كرد، لە دیدارەكەدا باڵوێزی پاكستان لە عێراق خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ ئاوەدانی و ئارامی و ئەو پێشكەوتنەی لە هەرێمی كوردستان هاتۆتە ئاراوە، هەروەها دەستخۆشی لە حكوومەت و سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان كرد، ئەوەشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند، وڵاتەكەی خوازیارە پەیوەندییەكی نزیكی لە بوارە جۆراوجۆرەكانی بازرگانی و كولتووریدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەبێ.

بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ، هەروەها هەڕەشەی تیرۆر لەسەر ئاستی جیهانی و ناوچەكە، چەند تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوون.

دڵخوازەكانتان