بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی دووسایدی سپیلک-خەلیفان دانرا
سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە مەراسیمەكەدا وتارێكی پێشكەشكرد و ڕایگەیاند:” دەمانەوێ ئەم پرۆژەیە بە كوالێتییەكی باش و گونجاو كە لەگەڵ ستانداردە جیهانییەكان بگونجێت، جێبەجێ بكرێت.
وتیشی :” داوا لە خەڵكی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی خەڵكی ئەم دەڤەرە و دانیشتوانی ئەم سنوورە دەكەم، داواتان لێ دەكەم ڕەچاوی ئەوە بكەن كە ئەو شوێنە قەدەغەكراوانەی كەناری جادەكان هەن، تەجاوزی ئەو شوێنانە نەكرێ، بۆ سەلامەتیی خۆتان جوانترە و بۆ جوانیی شارەكە و سروشتی وڵاتەكەشمان جوانترە.
مەسرور بارزانی وتیشی :” ئێمە گرنگییەكی زۆرمان بە ڕێگەوبان وەك ژێرخانی ئابووریی كوردستان داوە و لە هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ئەم پرۆژانەمان جێبەجێ كردووە و بەرنامەشمان هەیە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی زیاتر
حكومەتی هەرێم لە بەرنامەیدایە پرۆژەی هاوشێوە لە سنورەكانی دەڤەری سیدەكان-برادۆست، بۆ دەڤەری بارزان و قەزای برادۆست، دروستبكرێت لە گەڵ بەدووسایدكردنی ڕێگەی هاملتن.
سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت :” بەرنامەی زۆرمان هەیە كە لە ڕووی گەشتوگوزارییەوە گرنگییەكی زیاتر بەم ناوچەیە بدەین، دیزاینێكی وا دابنێین كە ئەم ناوچەیە لە ڕووی گەشتوگوزارییەوە بكەینە ناوچەیەكی سەرنجڕاكێشتر و گەشتیاران لە دەرەوەی ناوچەكەش بێن سەردانی ئێرە بكەن.
هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، راگەیاند: “پڕۆژەی دووسایدی سپیلک – خەلیفان، لە پێچەکانی رێگای سپیلک دەستپیدەکات، تا دەگاتە ناو ناحیەی خەلیفان”.
پرۆژەكە بە درێژایی 8.5 کیلۆمەترە، لەسەر بودجەی تایبەتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بە پاڵپشتی سەرۆکاتی ئەنجومەنی وەزیران بە کۆژمەی 64 ملیار و 234 ملیۆن و 265 هەزار دیناری عێراقی جێبەجێ دەکرێت.
پڕۆژەکە چەند ئەندەر پاس و یو تێرن لە خۆدەگرێت. ئەندەرپاسی یەکەم لەسەر رێگای بارزان- سپیلک – خەلیفان دروستدەکرێت.
دووسایدەکە دوو لێنی تایبەت دەبێت بە هاتن و دوو لێنیش بۆ چۆن دەبێت، و زیاتر لە 3.5 کیلۆمەتر فری لێن و 8.5 کیلۆمەتر جووتساید لە خۆدەگرێت.
ئەو رێگایە بە باشترین شێوە و بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لەلایەن کاڤین گرووپەوە جێبەجێ دەکرێت و بە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژی و گرنگەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دادەنرێت.
دروستکردنی ئەم رێگایە هاتووچۆی نێوان ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ناوچەکانی دیکە ئاسانتر دەکات، روڵێکی گرنگی دەبێت لە نەهێشتنی قەرەباڵغی لەسەر رێگاکە، هەروەها رۆڵێکی گرنگی لە کەمکردنی رووداوەکانی هاتووچۆ دەبێت، کە ساڵانە چەندین رووداوی هاتووچۆ بەهۆی قەرەباڵغی و یەک سایدی رێگاکەوە روودەدەن.
ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە 600 رۆژە، بەڵام کۆمپانیای جێبەجێکار بە بەکارهێنانی توانا و ئامێرە پێشکەوتووەکانی لە ماوەیەکی زۆر کورتردا پڕۆژەکە جێبەجێ دەکات.
پڕۆژەی دووسایدی سپیلک – خەلیفا، بە ئەندەرپاسی دۆڵی ئالانە – خەلیفان – سپیلک کۆتایی دێت.
رێگای سپیلک – خەلیفان، بەشێکە لە رێگای سەرەکی هەولێر – سۆران، کە هەولێر بە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەرانەوە دەبەستێتەوە، بە دووسایدکردنی رێگاکە جگە لەوەی ئاسانکاری دەبێت بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان، لە هەمانکاتدا گرنگی زۆری دەبێت بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران – تەمەرچین.