وەزیری كشتوكاڵی ئوردن ستایشی بووژانەوە و پێشكەوتنەکانی هەرێمی کوردستان دەکات
دووشەممە 26ی ئابی 2024، لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خالد حنیفات، وەزیری كشتوكاڵی شانشینی ئوردن و شاندێكی یاوەری كرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا وەزیری كشتوكاڵی ئوردن سڵاوی تایبەتی (شا عەبدوڵڵا)ـی پاشای ئوردنی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و ئەوەشی خستەڕوو “پاشا و گەل و حكوومەتی ئوردن خۆیان بە دۆستی گەلی كوردستان دەزانن”.
وەکوو لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “وەزیری كشتوكاڵی ئوردن ستایشی ئەو بووژانەوە و پێشكەوتنەی كرد كە سەرباری بوونی قەیران و گرفت و ئاستەنگی زۆر، لە ماوەیەكی كەم لە هەرێمی كوردستاندا هاتووتە ئاراوە و داوای كرد كە پەیوەندییەكانی هەردوولا لە ئاست و بوارە جیاجیاكان بە تایبەت كشتوكاڵ و ئاوەدانكردنەوە بەرفراوانتر ببن”.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی، (شا عەبدوڵڵا)ـی پاشای ئوردنی وەك “دۆستێكی نزیك و برا” وەسف كرد و وێڕای ئاماژە بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی ئوردن، جەختی لە “بەردەوامی و بەهێزتركردن”ـی ئەو پەیوەندییانە كردەوە.
بارودۆخی سیاسی و ئالنگارییەكانی بەردەم سەقامگیریی ناوچەكە و عێراق تەوەری تری ئەو دیدارە بوو.