سوپاسنامەیەک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێک ئاراستەی حزب و لایەنە کوردستانی و کەسایەتییەکان و هەر چوار پارچەی کوردستان دەکات.
له‌ په‌یامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتیدا هاتووه‌، سوپاسی سەرجەم ئەو کەس و لایەنانە دەکەین، کە لە بیرەوەری ١٦ی ئاب، حەفتا و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیمان بە پەیام و پیرۆزباییەکانیان بەشداربوون لە بەرز ڕاگرتنی ئەو یادە پیرۆزە.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو، ئومێدەوارین هەموو لایەک بە یەک گوتار و ئیرادەی سیاسیی هاوبەش هێز و تواناکانمان یەک بخەین بۆ پتەوکردنی هاوڕیزیی و یەکدەنگیی هێز و لایەنە سیاسییەکان لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجە ڕەواکانمان.
ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌:-
سوپاسنامەیەک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە
بە ناوی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، سوپاس و پێزانینمان ئاراستەی سەرۆک و سکرتێر و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی حزب و لایەنە کوردستانی و عێراقییەکان و کەسایەتی و سیاسەتمەدار و حزبە تێکۆشەرەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەین.
هەروەها سوپاسی نوێنەرایەتیی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان و عێراق و دامەزراوەکانی دەوڵەت و ڕێکخراوەکان و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ناوەند و دامەزراوە زانستی و میدیاییەکان و کەسایەتییە ئایینی و کۆمەڵایەتی و ئەکادیمییەکان و نوێنەرانی پێکهاتەکان و خەڵکی خۆڕاگر و وەفاداری کوردستان و سەرجەم ئەو کەس و لایەنانە دەکەین، کە لە بیرەوەری ١٦ی ئاب، حەفتا و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیمان بە پەیام و پیرۆزباییەکانیان بەشداربوون لە بەرز ڕاگرتنی ئەو یادە پیرۆزە. پەیامەکانتان بۆ جەنابى سەرۆک (مەسعود بارزانى) و مەکتەبی سیاسیی پارتیمان لەو بیرەوەرییە شکۆدارەدا، کە هەڵگری گیانی برایەتی و هاوخەباتی بوون، مایەی سوپاسگوزاری و پێزانینیی زۆرمانە.
ئومێدەوارین هەموو لایەک بە یەک گوتار و ئیرادەی سیاسیی هاوبەش هێز و تواناکانمان یەک بخەین بۆ پتەوکردنی هاوڕیزیی و یەکدەنگیی هێز و لایەنە سیاسییەکان لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجە ڕەواکانمان و چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسیی و پێکەوەژیان و سەقامگیری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی.
هاوکات دەستخۆشی و سوپاسی گەرمی پێشمەرگە قارەمانەکان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و کادیر و ڕاگەیاندنکار و ئەندام و لایەنگر و دۆست و جەماوەری دڵسۆزی پارتیمان دەکەین، کە بەرپرسانە و سەبەرزانە یادی دامەزراندنی پارتەکەیان بە چالاکیی جۆراوجۆر و بەتایبەتی لە ڕێگەی دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن و سۆشیالمیدیاوە شکۆدار و پیرۆزتر کرد.
جارێکی دیکە سوپاسگوزاریمان دەردەبڕین، هەر سەرکەوتوو و سەرفراز بن.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٥ـی ئابی ٢٠٢٤

دڵخوازەكانتان