له‌ هه‌ڕه‌شه‌وه‌ بۆ ده‌رفه‌ت

هیوا ئه‌حمه‌د

كێشه‌ی كه‌می ئاو پرسێكی جیهانییه‌ و ڕێژه‌ی ئاوی سازگار به‌رده‌وام له‌ كه‌مبوونه‌وه‌دایه‌ و خواست له‌سه‌ر ئاوی شیرن ڕوو له‌ هه‌ڵكشانە‌‌. جگە لە گۆڕانی كەش و هەواو كەمبوونەوەی ڕێژەی دابارین، چەند هۆكارێكی تریش گاریگەریان لەسەر پرسه‌كە هەیە،‌ له‌وانه‌ پیسبوونی سه‌رچاوه‌كانی ئاوی پاك  و به‌هه‌ده‌ردان و خراپ به‌كارهێنان له‌سه‌روو ئەمانەشەوە زۆربوونی ژماره‌ی دانیشتوان.

ناوه‌ندە ئه‌كادیمی و ستراتیژیه‌كان له‌ چه‌ندین توێژینه‌وه‌ و ڕاپۆتدا ئاماژه‌یان به‌ ئاسته‌نگ و مه‌ترسیه‌كانی په‌یوه‌ست به‌و پرسه‌ كردووه‌. له ‌دواین ڕاپۆرتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان تایبه‌ت هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاوی شیرنی جیهان(WWAP) له‌شاری پرۆجیای ئیتالیا، هه‌ڵسانگاندن بۆ ئاوی شیرینی جیهان ده‌كات و ئاسته‌نگه‌كانی كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاو ده‌ستنیشان ده‌كات، هەروەها داوای ڕێوشوێنی به‌په‌له ‌ده‌كات له‌سه‌ر ئەو پرسە جیهانییە هەستیارە. ئه‌م ئاڵانگاریه‌ گه‌وره‌ی بەردەم ژیانی مرۆڤایه‌تی كۆمه‌ڵێك لێكه‌وته‌ی جدی و مه‌ترسیداری لێده‌كه‌وێته‌وه‌، وه‌ك ئه‌گه‌ری هه‌ڵایسانی جه‌نگ له‌سه‌ر ده‌ستگه‌یشتن به‌سه‌رچاوه‌كانی ئاوی سازگار و به‌كارهێنانی وه‌ك كارتی فشاری سیاسی هەروەها لە داهاتوودا دەبێت بە هۆی گۆرانكاری له‌ دیمۆگرافیای دانیشتوان لە چەندین ناوچەی جیهاندا.

  كێشه‌ی كەمی ئاو‌ له‌ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستدا قوڵترە، چونكە ناوچەكە یەكێكە لە ناوچەگەرمەكانی جیهان و ڕوبەڕوی وشكەساڵی دریژخایەن بۆتەوە لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی دانیشتوانیشی ڕوو لە هەڵكشانی بەردەوامە‌‌.‌ هەرێمی كوردستانیش یەكێكە لەو ناوچانەی كە لە بەردەم ئاڵانگاریەكانی كێشەی كەمی ئاودایە، بۆ كەمكردنەوەی كاریگەری و لێكەوتەكانی پێویستی بەستراتیژییەتی دوور مەودا هەیە، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە چوارچێوەی پلانەكانیدا تایەت به‌ پرسه‌كه‌ و ڕێگری و كەمكردنەوەی ئاسەوارەكانی ئەو گرفتە، دەستی كردووە بە بنیاتنانی ژێرخانی ئاو له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، بۆ ئەو مەبەستەش هه‌ستاوه‌ به‌ دروستكردنی ژماره‌یه‌ك له‌ به‌نداو پۆنتی ئاوی گه‌وره‌ و بچوك تایبەت بە ‌گلدانه‌وه‌ی ئاو، له‌ پلانیشیدایە ئه‌م پرۆسەیە‌ به‌رده‌وام بێت. ئه‌م وه‌به‌رهێنانه‌ له‌‌ ژێرخانی ئاودا جگه ‌له‌وه‌ی بەهەند وەرگرتنی ئەو پرسە جیهانییەكه‌ و كه‌مكردنه‌وه‌ی لێكەو‌ته‌كانی مه‌ترسی كێشه‌ی كه‌م ئاوییه‌ لەداهاتوودا، بەنداوەكان گه‌لێك كه‌ڵكی تری ده‌بێت لەوانە  ڕێگه‌ گرتن له‌ بیابان بوون هەروەها بۆ ئاودێری و كشتوكاڵیش سودێكی یه‌گجار زۆری هه‌یه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێتە ‌هۆی بوژانه‌وی ئاوی ژێر زه‌وی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌به‌نداوه‌كانی تێدا دروستده‌كرێت.

به‌هه‌ند وه‌رگرتنی مه‌ترسییه‌ جدیه‌كانی كێشه‌ی كه‌م ئاوی و لێكه‌وته‌كانی جێگه‌ی بایه‌خه‌، چونكه‌ به‌پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوه‌ جیهانییه‌كان مه‌ترسیه‌كه‌ له‌به‌رده‌گادایه‌، ئاماژه‌ به‌ راپۆرتیكی پێگه‌ی (unicef) ده‌كه‌ین كه‌ تێیدا ئه‌و ڕاستییه‌ی ڕووبه‌ڕوو ده‌كرێته‌وه‌” ده‌كرێت نیوه‌ی دانیشتوانی جیهان تا ساڵی 2025 له‌و ناوچانه‌دا بژین كه‌ ڕووبه‌ڕووی كه‌می ئاو ده‌بنه‌وه‌”. ڕێكخراوه‌كه‌ له‌ وه‌ڵامی ئه‌م ڕاستییه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ئێمه‌ داكۆكی له‌  پلاندانان بۆ پێداویستیه‌كانی ئاوی نیشتمانی دەكەین كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خواستەكان بێت، بۆ پێداویستی ئاوی به‌كارهێنان. پێگه‌ی (.org unicef. www.)

پلانه‌ نیشتمانییەكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به ‌پرسی ئاو تا ئاستێكی باش ئامانجەكەی بەدیهێناوە و ده‌بێتە ‌هۆی دابینكردنی بڕی ئاوی پێویستی سازگار بۆ هه‌رێمی كوردستان،

(كلێركلۆبوسیستا و كالی ڕۆبنسن) له‌ پوخته‌ی ڕاپۆته‌كه‌یاندا كه‌ له‌ پێگه‌ی(Council Foreign Relations) بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن”كێشه‌ی ئاو له‌و كۆمه‌ڵگەیانەدا ڕووده‌دات كه‌ نه‌توانن پێداویستییه‌كانیان به‌ ئاو دابین بكه‌ن، یان ژێرخانی پێویستی ئاویان نییه. پێگه‌ی (Council Foreign Relations 2023).

دەبێت ئاماژە بەوە بكەین له‌گه‌ڵ بنیاتنانی ژێرخانی ئاو پێویسته‌ هۆشیاری هاونیشتمانیان به‌رزبكرێتەوە‌ له‌ به ‌فیڕۆنه‌دانی ئاوی پاكدا و هه‌روه‌ها ڕیسایكلینی ئاوی به‌كارهاتووی شاره‌كان و دووباره‌ به‌كارهێنانه‌وه‌ی بۆ مه‌به‌ستی كشتوكاڵ.

دڵخوازەكانتان