بەنداوی تووڕەجار لە گەرمیان تەواو بوو

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: بەنداوی تووڕەجار لە گەرمیان کە توانای گلدانەوەی 2 ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیە، هاوکات بەنداوی بەنداوی چەمرگە لە دەشتی هەولێر کە توانای گلدانەوەی 1.2 ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیە، کارەکانیان تەواو بووە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، بەنداوی تووڕەجار لە گەرمیان لەسەر ڕووبەری 450 هەزار مەتردووجا دروست کراوە، بەرزییەکەی 17 مەترە، توانای گلدانەوەی 2 ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیە، بە ڕێژەی 100% تەواو بووە.

فەرمانگەکە ئاماژە بەوە دەکات، بەنداوی تووڕەجار، بۆ مەبەستی ئاژەڵداریی، ئاودێریی، پاراستنی ئاوی ژێرزەوی سوودی لێ وەردەگیرێت و دەتوانێت سوودێكی زۆر بە هاووڵاتییانی دەڤەری گەرمیان بگەیەنێت.

لە هەرێمی کوردستان 34 بەنداوی گەورە، مامناوەند و بچووك هەن، 23 لەو بەنداوانە تەواو کراون و 11 بەنداوی دیکەش لەژێر پرۆسەی جێبەجێکردندان، تەنیا لە کابینەی نۆیەمدا، شەش بەنداو(چەمرگە، خنس، دێوانە، تووڕەجار، ئاقووبان، شەوگێڕ)، تەواو کراون و کۆتایی ئەمساڵیش هەریەك لە بەنداوەکانی گۆمەسپان و بەستۆرە کارەکانیان کۆتایی دێت.

هاوکات بەنداوی چەمرگە لە دەشتی هەولێر، لەسەر ڕووبەری 350 هەزار مەتردووجا دروست کراوە، بەرزییەکەی 18 مەترە، درێژییەکەی 262 مەترە و گوژمەی زیاتر لە 4.3 ملیار دیناری تێچووە.

بەنداوەکە توانای گلدانەوەی 1.2 ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیە و ئێستا 1.1 ملیۆن مەترسێجا ئاوی تێدا گلدراوەتەوە.

بەنداوی چەمرگە، پرۆژەیەکى ستراتیژیی گرنگە، جگە لە کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانیی وشکەساڵی و کەمئاویى لە وەرزى هاوین، لە کاتی دروستبوونى لافاو، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسییەکان و زیانگەیاندن بە گوند و شارۆچکەکانی دەوروبەری ناوچەکە.

لە وەرزى بارانباریندا، بەنداوەکە سوودى زۆرى دەبێت بۆ پاراستنی سامانی ئاو، بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان؛ لە ڕوویەکی دیکەوە، کەرتی گەشتیاری لەو ناوچەیەی کە بەنداوەکەی لێ دروست کراوە دەبووژێتەوە و دەبێتە هۆی ڕاکێشانی گەشتیاران.

دڵخوازەكانتان