مەسرور بارزانی: لە كۆبوونەوەم لەگەڵ جێگری نوێنهرى تایبهتیی سكرتێرى گشتيى UN له عێراق پشتگیریی خۆم بۆ هەڵبژاردنێکی متمانەپێکراو دووپات کردەوە
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، زانیاری لەبارەی كۆبوونەوەی نێوان خۆی و جێگری نوێنهرى تایبهتیی سكرتێرى گشتيى نەتەوە یەكگرتووەكان (UN) له عێراق بە وەکالەت بڵاو كردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21/8/2024، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە هەژماری تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێكس) بڵاوی كردەوە: “لە کۆبوونەوەم لەگەڵ بەڕێز کلاودیۆ کۆردۆن، جێگری نوێنهرى تایبهتیی سكرتێرى گشتيى UN له عێراق بە وەکالەت، پشتگیریی خۆم بۆ هەڵبژاردنێکی متمانەپێکراو دووپات کردەوە.”
سەرۆكی حكوومەت باسی لەوەش كردووە: “بەشداریی چاودێرانی نێودەوڵەتی، لەنێویاندا دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەشێکی گرنگی سەرکەوتنی پرۆسەکەیە.”
ئەمڕۆ چوارشەممە 21/8/2024، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازی لە کلاودیۆ کۆردۆن، جێگری نوێنهرى تایبهتیی سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكان له عێراق بە وەکالەت کرد، بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
جێگری نوێنهری تایبهتیی سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكان له عێراق بە وەکالەت، سوپاسی پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئامادەکارییەکان و هەماهەنگیکردنی باشی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەپێناو ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کەشێکی ئازادانە و دادپەروەرانە و دوور لە پێشێلکاری و ساختەکاری کرد، بۆ ئەم مەبەستەش جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و چاودێرانی نێودەوڵەتی کردەوە، کە پێویستە بە شێوەیەکی کارا چاودێريی پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوە بچێت.