کێشە و گرفتەکانی کارمەندان و کرێکارانی کەرتی تایبەت

هۆزار تۆفیق ابراهیم*

لە هەرێمی کوردستان بەهۆی زۆری ژمارەی دەستی کار و کەمی کار و هەرزانی دەستی کار، زۆرینەی پیشەوەران و کارمەندانی کەرتە تایبەتەکان ستەمیان بەرامبەر دەکرێت.
زۆر کەمن ئەوانەی کرێ و موچەی شایستەی خۆیان وەردەگرن، ڕۆژانە نزیکەی (١٠) کاتژمێر کارکردن و حەفتەی (پێنج-شەش) ڕۆژ کارکردن لەبەرامبەر موچەیەکی کەمی مانگانە کە زۆرینەی لە دەوربەری (٥۰۰ تا ۷۰۰)هەزار دیناردایە. ئەگەر بەراوردێکی بکەین سەبارەت بە بڕی موچە و کاتژمێری کارکردنی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، ئەوا فەرمانبەرانی کەرتی تایبەت کە زۆرینەی کۆمەڵگا پێکدەهێنن سێ هێندەی ئەوان کار دەکەن و موچەکانیشیان زۆر لە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی کەمترە و ژمارەی ڕۆژەکان و کاتژمێری کارکردنیان زۆر زیاترە ،ئەوەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دروستبوونی ستەم لە نێوان توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا.
کەم و کورتییەکی دیکە ئەوەیە، زۆرینە کارمەندانی کەرتە تایبەتەکان، خاوەنکار و کۆمپانیاکان هەر کاتێک بیانەوێ دەتوانن کەسێک لە کار دوور بخەنەوە و کەسێکی دیکە لە جێگە دابنێن. زۆرجار لە جێگەی ئەوەی یاسا و ڕێنماییەکان پەیوەندی خاوەنکار و کارمەند و کرێکارەکان ڕێکبخات، زیاتر حەز و میزاجی کەسی ڕۆڵ دەبینێ و لەو دۆخەشدا زۆربەی کات کرێکار و کارمەند و فەرمانبەرانی کەرتە تایبەتەکان زەرەرمەند دەبن، چونکە ژیان و بژێویان دەکەوێتە ژێر ڕەحم و میزاجی خاوەنکارەکان. پێویستە پەرلەمان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کاری زیاتر لەسەر ئەوە بکەن، چونکە سەرچاوەیەکی گەورەی بەدیهێنانی نادادیی و نایەکسانییە.
دۆزینەوەی کار لە شوێنێکدا دەستی کار کەمە، قورسە. کاتێک کەسێک کارەکەی لە دەست دەدا تا کارێکی دیکە دەدۆزێتەوە بیمەیەکی دارایی پێویستە بۆ ئەوەی تا دەستی بەکارێکی دیکه ڕادەگا دۆخی زۆر سەخت و دژوار نەبێ.

*ئەندازیاری شارستانی

دڵخوازەكانتان