لە كۆی 32 فڕۆكەی F16ی هێزی ئاسمانیی عێراق، 12 فڕۆكەیان لەكار كەوتوون
فەرماندەی هێزی ئاسمانیی عێراقی ئاشكرای دەكات، زۆربەی فڕۆكە جەنگییە ڕووسییەكانی سوپای عێراق لەكار كەوتوون و 12 فڕۆكەی جۆری F16ش كێشەیان بۆ دروست بووە و ئەوانیش توانای چاككردنەوەیان نییە.
ڕۆژی 4ی ئابی 2024، لێژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆ بوونەتەوە و تێیدا بەڕاشكاوی باسیان لە بارودۆخی هێزی ئاسمانیی عێراق و چەند پرسێكی دیكە كردووە.
فەرماندەی هێزی ئاسمانیی عێراقی لە كۆبوونەوەكەدا چەند نهێنییەكی دركاندووە لەوانە كۆی ئەو 32 فڕۆكە جەنگییەی جۆری F16 كە عێراق لە ئەمریكای كڕیوە، ئێستا 12 فڕۆكەیان تێك چوون و بە هیچ شێوەیەك كار ناكەن و پێویستییان بە چاككردنەوە هەیە.
فەرماندەی هێزی ئاسمانیی عێراق گوتوویەتی: ”لە ڕووی داراییەوە ئەو پاڵپشتییەمان نییە كە بتوانین فڕۆكە لەكاركەوتووەكان چاك بكەینەوە.“
زۆربەی فڕۆكە جەنگییە ڕووسییەكانی سوپای عێراقیش لەكار كەوتوون و وێڕای ئەوەی هەوڵێكی زۆریان داوە و شارەزای جۆراوجۆریشیان هێناوەتە سەر فڕۆكەكان، بەڵام تاوەكوو ئێستا نەیانتوانیوە ئەم فڕۆكانە چاك بكەنەوە.
پێشتر تۆڕی (فۆربس)ی ئەمریكی لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كرد كە كێشە تەكنیكییەكانی فڕۆكە جەنگییەكانی F16ی ئەمریكی لە عێراق كێشەی زۆریان هەیە، ئەم كێشانەش هەر تەنیا لە خودی فڕۆكەكاندا نین، بەڵكوو تەنانەت لە جۆری ئەو مووشەكانەشدا هەن كە لەگەڵ فڕۆكەكان بە عێراق دراون، بۆیە بۆچوونێك لە عێراق هەبووە بەوەی ئەو فڕۆكە ئەمریكییانە، بە فڕۆكەی جەنگیی جۆری (رافال)ی فەڕەنسی بگۆڕدرێن
بەڵام ئەوكات هیچ بڕیارێكی فەرمی لەمبارەیەوە رانەگەیاندرا.