بەردی بناغەی دووسایدی سپیلک-خەلیفان دادەنرێت
بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی دووسایدی سپیلک-خەلیفان دادەنرێت
هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، راگەیاند: “پڕۆژەی دووسایدی سپیلک – خەلیفان، لە پێچەکانی رێگای سپیلک دەستپیدەکات، تا دەگاتە ناو ناحیەی خەلیفان”.
بە کۆژمەی 64 ملیار و 234 ملیۆن و 265 هەزار دیناری عێراقی جێبەجێ دەکرێت
پرۆژەكە بە درێژایی 8.5 کیلۆمەترە، لەسەر بودجەی تایبەتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بە پاڵپشتی سەرۆکاتی ئەنجومەنی وەزیران بە کۆژمەی 64 ملیار و 234 ملیۆن و 265 هەزار دیناری عێراقی جێبەجێ دەکرێت.
پڕۆژەکە چەند ئەندەر پاس و یو تێرن لە خۆدەگرێت. ئەندەرپاسی یەکەم لەسەر رێگای بارزان- سپیلک – خەلیفان دروستدەکرێت.
دووسایدەکە دوو لێنی تایبەت دەبێت بە هاتن و دوو لێنیش بۆ چۆن دەبێت، و زیاتر لە 3.5 کیلۆمەتر فری لێن و 8.5 کیلۆمەتر جووتساید لە خۆدەگرێت.
ئەو رێگایە بە باشترین شێوە و بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لەلایەن کاڤین گرووپەوە جێبەجێ دەکرێت و بە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژی و گرنگەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دادەنرێت.
دروستکردنی ئەم رێگایە هاتووچۆی نێوان ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ناوچەکانی دیکە ئاسانتر دەکات، روڵێکی گرنگی دەبێت لە نەهێشتنی قەرەباڵغی لەسەر رێگاکە، هەروەها رۆڵێکی گرنگی لە کەمکردنی رووداوەکانی هاتووچۆ دەبێت، کە ساڵانە چەندین رووداوی هاتووچۆ بەهۆی قەرەباڵغی و یەک سایدی رێگاکەوە روودەدەن.
ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە 600 رۆژە، بەڵام کۆمپانیای جێبەجێکار بە بەکارهێنانی توانا و ئامێرە پێشکەوتووەکانی لە ماوەیەکی زۆر کورتردا پڕۆژەکە جێبەجێ دەکات.
پڕۆژەی دووسایدی سپیلک – خەلیفا، بە ئەندەرپاسی دۆڵی ئالانە – خەلیفان – سپیلک کۆتایی دێت.
رێگای سپیلک – خەلیفان، بەشێکە لە رێگای سەرەکی هەولێر – سۆران، کە هەولێر بە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەرانەوە دەبەستێتەوە، بە دووسایدکردنی رێگاکە جگە لەوەی ئاسانکاری دەبێت بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان، لە هەمانکاتدا گرنگی زۆری دەبێت بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران – تەمەرچین.