دابەشکردنی فۆرم بەسەر خانەنشینانی هەرێمی کوردستاندا بۆ وەرگرتنی زەوی دەستیپێکرد

دابەشکردنی فۆرم بەسەر خانەنشینانی هەرێمی کوردستاندا بۆ وەرگرتنی زەوی دەستیپێکرد. دەبێت خانەنشینان لەو بانکە فۆرمەکە وەربگرن کە مووچەی لێ وەردەگرن.

ئەمڕۆ دووشەممە 29-07-2024 عەزیز عەلی، بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی ڕایگەیاند:” هەموو خانەنشینانمان دەتوانن بچنە ئەو بانکانەی کە مووچەی لێ وەردەگرن و فۆرمی وەرگرتنی زەوی وەربگرن و دوای پڕکردنەوەشی بیبنەوە بۆ ئەوێ.”

 هەر خانەنشینێک ئەمڕۆ یان رۆژانی دواتر بچێت بۆ وەرگرتنی فۆرم، دەبێت دوو وێنەی خۆی، کارتی نیشتمانی، کارتی زانیاری، ناسنامەی خانەنشینی و فۆرمی وەرگرتنی خۆراکەکەی ببات.

جگە لە خانەنشینان، لە ژمارەیەک لە شارەوانییەکانی هەرێمی کوردستانیش فۆرمی دابەشکردنی زەوی دراوەتە فەرمانبەران.

 چۆنێتی پڕکردنەوەی فۆرم

 – ناوی چواری داواکاری زەوی (فەرمانبەرەکە)

– ناوی چواری دایک

– شوێنی نیشتەجێبوون بە گوێرەی کارتی زانیاری

– شوێنی لەدایکبوون

– باری خێزانی

– ژمارەی ئەندامانی خێزان

– ئەو فەرمانگەیەی کاری لێ دەکات

– ژمارەی ساڵەکانی راژەی بە نووسین و بە ژمارە

– پشتگیریی بەردەوامبوون لە راژەکەی

– ناوی هاوژین و منداڵەکانی

 لە سنووری شارەوانییەکانی سلێمانی 45 شارەوانی هەن و هەر شارەوانییەک لای خۆیەوە زەوی بۆ دابەشکردن ئامادەکردووە؛ گوتیشی، بەگشتی لە سنووری شارەوانیەكانی سلێمانیدا نزیکەی 32 هەزار کەس لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن.”

یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی وەرگرتنی زەوی، سوودمەندنەبوونی پێشتری فەرمانبەرەکەیە و دەبێت بەڵێننامەش پڕبکاتەوە کە پێشتر سوودمەند نەبووە، بە پێچەوانەوە سزا دەدرێت.

لە پڕکردنەوەی فۆرمی وەرگرتنی زەویدا دەبێت رەچاوی ئەم خاڵانە بکرێت

– پێویستە فۆرم بە 3 نووسخەی دەستنووس پڕبکرێتەوە و بۆ لیژنەکە بگەڕێندرێتەوە

– کۆپی رەنگاوڕەنگی کارتی زانیاری و کارتی نیشتمانی هاوپێچ بکرێت

رێکارەکانی پێدانی زەوی لە پێنج مادە پێکهاتووە، لەوانە مەرجی ئەوانەی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن، رووبەر، شوێن و نرخی زەوییەکان.

 رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت. نرخی زەوییەکان بەپێی رێنماییەکە بەم شێوەیە دەبێت:

 – نرخی یەک مەتر دووجا لەنێو سەنتەری پارێزگا 5 هەزار دینار دەبێت

– نرخی یەک مەتر دووجا لەنێو شارەکان 3 هەزار دینار دەبێت 

– نرخی یەک مەتر دووجا لەناو شارۆچکەکان 2 هەزار دینار دەبێت 

 ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە ئەگەر رووبەری زەوییەکە زیاتر بوو لەوەی تەرخانکراوە، ئەوا لەلایەن لیژنەوە بە نرخی رۆژ دەخەمڵێندرێت.

بە گوێرەی رێنماییەکان، دابەشکردنی زەوی بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:

 – ساڵانی خزمەت

– ژمارەی ئەندامانی خێزان

– شوێنی لەدایکبوون

 پێدانی زەوی بە فەرمانبەر و خانەنشینان بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانە كە بڕیارەكەی لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.

دڵخوازەكانتان