سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی لەبارەی هەوڵی تیرۆركردنی بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاو كردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 16/7/2024، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی لەبارەی هەوڵی تیرۆركردنی بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاو كردەوە و دەڵێت: “هەوڵی تیرۆرکردنی بەڕێز ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکۆنە دەکەم و پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەکان هەوڵی ئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی ئەم کارە تیرۆریستییە بدەن.”

سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بەوەش داوە: “هەر کەس و لایەنێک لە پشت ئەم هەوڵە ترسنۆکانەیە بێت، تەحەمولی بەرپرسیاریەتیی ئەنجامەکان دەکات و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.”

دوێنێ دووشەممە 15/7/2024، لە شاری كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ئۆتۆمبێلی ئەكرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان تەقییەوە و خۆی و چوار لە پاسەوانەكانی بە سووكی بریندار بوون، دواتر لە پرێس كۆنفرانسێكدا ئەكرەم ساڵح ئاماژەی بەوە كرد كە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەكەی كردەوەیەكی تیرۆریستی بووە و ئەگەر چەند چركەیەك لە ئۆتۆمبێلەكە درەنگتر بچوونایەتە دەرەوە، ئەوا هەموویان دەسووتان.

دڵخوازەكانتان