وەزارەتی داد هۆبەیەک بۆ تۆمارکردنی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون دەکاتەوە

وەزارەتی داد هۆبەیەک بۆ تۆمارکردنی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.

بە بڕیاری فەرسەت ئەحمەد عەبدوڵڵا، وەزیری دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ هۆبەی تۆماری پرۆژەکانی نیشتەجێبوون، لە نێو بەڕێوبەرایەتییەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە، و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران، زاخۆ، راپەڕین و گەرمیان، بەمەبەستی تۆمارکردنی سەرجەم پرۆژە نیشتەجێکانی وەبەرهێنان، دەکرێتەوە.

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتە ڕوو، بڕیارەکە بە پێی (بەیانی) ژمارە (شەش)ی ساڵی (2024)ی وەزارەتی داد بە ژمارە ( 20/3253) لە ( 9/7/2024)

و پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان ژمارە (632) لە (3/3/2024)، و بە پێی ئەو دەسەڵاتەی بە پێی مادەی ( 9) لە یاسای وەزارەتی داد ژمارە (13)ی ساڵی (2007) و لە بەربەرژەوەندی گشتی،  لە لایەن وەزیری دادەوە ئیمزا کراوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم بڕیارە، لە ڕۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت و لە ڕۆژنامەی فەرمی وەقایعی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە.

بە پێی بەیانەکە، لێپرسراو و فەرمانبەرانی ئەو هۆبانە تەواو تەرخان دەکرێن (تفرغ) دەبن بۆ تۆمارکردنی کاروبارەکانی (یەک بوون و جیاکردنەوەی) سەرجەم پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان.

دڵخوازەكانتان