نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى له‌ سه‌رۆكى هه‌ڵبژێردراوى ئێران ده‌كات

نێچیرڤان بارزانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە مەسعوود پزیشکیان دەکات و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازێت لە ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکەیدا.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ١٠-٧-٢٠٢٤، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌بۆنه‌ى هه‌ڵبژاردنییه‌وه‌ به‌ سه‌رۆكى كۆمارى ئیسلامیى ئێران، له‌ په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنیدا پیرۆزبایى له‌ به‌ڕێز مه‌سعوود پزیشكیان كرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى له‌‌ ئه‌رك و بەر‌پرسیاریه‌تییه‌كه‌یاندا بۆ خواست.

به‌ڕێزیان هه‌روه‌ها‌ ئاماده‌یى و خواستى هه‌رێمى كوردستان و گه‌له‌كه‌ى دووپات كرده‌وه‌ بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندیى دۆستانه‌ی له‌مێژینه‌ و هاریكاریى هاوبه‌ش له‌ هه‌موو بواره‌كاندا له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامیى ئێران له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێز و به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌ش و دراوسێیه‌تیى باش كه‌ ببێته‌ هۆكارى به‌ره‌وپێشچوونى هه‌ردوو گه‌ل و وڵات.

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌روه‌ها دڵنیایى ده‌ربڕى له‌وه‌ى كه‌ سه‌ركردایه‌تیى سه‌رۆك پزیشكیان ده‌بێته‌ هۆى قووڵكردنه‌وه‌ى دۆستایه‌تیى هه‌ردوولا و وه‌ك له‌ دوا دیداردا له‌گه‌ڵ جه‌نابى ڕابه‌ری شۆڕشی ئیسلامی و به‌رپرسانى باڵاى كۆمارى ئیسلامیى ئێران، په‌رۆشیى هه‌رێمى كوردستانى نیشان دا بۆ هاریكاریى هاوبه‌ش له‌پێناو داهاتوویه‌كى باشتر بۆ هه‌ردوو وڵات، هه‌روه‌ها بۆ ئاشتى و سه‌قامگیرى له‌ ناوچه‌كه‌دا.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز مه‌سعوود پزیشكیان، سه‌رۆكى هه‌ڵبژێردراوى كۆمارى ئیسلامیى ئێران، وێڕاى خۆشحاڵى، سوپاس و پێزانینى بۆ په‌یوه‌ندى و پیرۆزباییى نێچیرڤان بارزانى ده‌ربڕى و جه‌ختى له‌ خواستى كۆمارى ئیسلامیى ئێران بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌ په‌یوه‌ندیى دۆستانه‌ و دێرینى گه‌لانى ئێران و كۆمارى ئیسلامى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا كرد

دڵخوازەكانتان