کونسوڵی نوێی تورکیا بۆ سه‌رۆك بارزانی: خوازیاری باشترین پەیوەندیین لەگەڵ هەرێمی کوردستان

ڕۆژی چوارشەممە 10ی تەممووزی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئێرمان تۆپچو کونسوڵی نوێی تورکیا لە هەولێر کرد.

لە دیدارەکەدا کونسوڵی نوێی تورکیا لە هەولێر سڵاو و ڕێزی وەزیری دەرەوەی تورکیای بە سەرۆک بارزانی گەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی خوازیاری ئەوەیە باشترین پەیوەندی لە بوار جۆراوجۆرەکاندا لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەبێت. لە بەشێکی تری ئەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا ئاڵۆگۆڕ کرا و کونسوڵی تورکیا ئەو سەردانەی بە مێژوویی و کاریگەر وەسف کرد.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی وێڕای باسکردنی هۆکارەکانی سەردانی حەفتەی ڕابردوو بۆ بەغدا ئەوەشی دووپات کردەوە کە لێکتێگەیشتن و دیالۆگ لە چوارچێوی دەستوور باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. هەروەها هیوای سەرکەوتنی بۆ کونسوڵی تازەی تورکیا خواست لە ئەرک و کارەکانیدا.

بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە تەوەری تری ئەو دیدارە بوو.

دڵخوازەكانتان