گوتەبێژی حکوومەت: نووسینگەی سەرۆکوەزیران بەدواداچوون بۆ داوکارییەکانی خەڵک دەکات

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تیمێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی،  بەدواداچوون بۆ  ئەو دواکارییانە دەکات کە  خەڵک  ئاراستەی سەرۆکی حکوومەتیان کرد.

دووشەممە، 08-07-2024، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی گفتوگۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چین و توێژەکانی سلێمانی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، “سەرۆکوەزیران نایەوێت بەربەست لەنێوان خەڵک و کەسی یەکەمی حکوومەتدا هەبێت، دەیەوێت خۆی گوێ لە داواکارییەکانی خەڵک بگرێت”.

بە گوتەی پێشەوا هەورامانی، “هەموو ئەو داواکارییانەی خەڵک ئاراستەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کردن و ئەوانەی پێشتووتریش کراون، بایەخیان پێ دەدرێت و بە گرنگییەوە سەیر دەکرێن”.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، “تەنانەت یەکێک داواکاریش پەراوێز ناخرێت و تیمێکی تایبەت لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەدواداچوون بۆ هەموویان دەکات”.

هەورامانی داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد ڕێگریی لە پرۆژەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی نەکەن، گوتی، “داوای هاوکاریی لە کەس ناکەم بۆ سەرۆکوەزیران، داوا دەکەم ڕێگریی لێ نەکەن. هاوکاریت نەکەن و لە دژت بوەستن، ئەمە قورسە. ئەگەر تەنها دژایەتیی نەکەن، دەتوانێت کاری زۆر باشتر و گەورەتر بکات”. 

بە گوتەی گوتەبێژی حکوومەت، بەشێکی سیاسییەکان لە مێدیاکانیانەوە دژایەتیی پرۆژە گەورەکانی حکوومەت، لەنێویشیاندا “هەژماری من” دەکەن. ڕوونیشی کردەوە، ئەگەر پرۆژەی هەژماری من بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، سپیکردنەوەی پارە، گەندەڵی،  دامەزراندنی خەڵک بە ناوی خوازراو، بردنی پارە بۆ چەکداری وەهمی و چەندین کاری دیکەی نایاسایی، نامێنێت.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکیدا لەگەڵ ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی پارێزگای سلێمانی دووپاتی کردەوە “من هەمیشە خۆم بە خزمەتكار و بچووكی هەمووتان دەزانم، ئەو ئەركەی لەسەر شانمە بە ئەمانەتەوە وەرم گرتووە، خوا شاهیدە بە ئەمانەتەوەش ئیشەكانم كردووە، بەردەوامیش دەبم بۆ ئەوەی ویژدانی خۆم و خوای خۆم و ئێوە لێم رازی بن. ئەوە بۆ من گەورەترین سەروەت دەبێت ئەگەر خەڵك لێم رازی بێت”.

دڵخوازەكانتان