مەسرور بارزانی، وەڵامی قسەیەكی سەڵاحەدین بەهائەدینی بە ئایەتێك دایەوە
مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە میانی (گفتوگۆی خەڵك لەگەڵ سەرۆك وەزیران) وەڵامی پرسیاری یەكێك لە ئامادەبووان سەبارەت بە قسەیەكی سەڵاحەدین بەهائەدین، ئایەتێك دەهێنێتەوە.
لەمیانەی گفتوگۆیەكەدا كەسێك لە مەسرور بارزانی دەپرسێت ئاخۆ وەڵامی چییە بۆ ئەو قسانەی سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی كە بانگەشەی ئەوەی كردبوو گوایە پرۆژەی (هەژماری من) فێڵی تێدایە، مەسرور بارزانی گوتی: “مامۆستا سەڵاحەدین، لەوانەیە مامۆستا بە عەرەبییەكەی باشتر تێبگات بۆیە وەڵامەكەی بە ئایەتێكی قورئان دەدەمەوە: (إِنَّ بَعْضَ الظَّنِّ إِثْمٌ – الحجرات 12) هەندێك گومان گوناحە، پێیوابێت فێڵكاری هەیە، ئەمە گومانێكە خۆی دەیكات كە ئەمە راست نییە. هەژماری من پرۆژەیەكە، پرۆسەیەكە تەنیا و تەنیا بۆ خزمەتی هاووڵاتیان دروست كراوە، ئەوانەی دژایەتیی (هەژماری من) دەكەن، یان تێبینیی لەسەر (هەژماری من) دەدەن، یان ئەوەیە لێی نازانن، یان ئەوەیە بۆ مەرامێكی سیاسی دژایەتیی دەكەن.”
گوتیشی: ” (هەژماری من) نە پرۆژەیەكی شەخسییە و نە پرۆژەیەكی حزبییە، تەنیا شتێكە كە توانای دارایی بۆ هاووڵاتی دەگەڕێنێتەوە. ئەو هاووڵاتییە فەرمانبەرەی كە مووچە وەردەگرێ، تەنیا ئەمجارە لە حكوومەت مووچەكەی وەردەگرێ، نە لە بەرپرسێكی سیاسی، نە لە بەرپرسێكی عەسكەری، نە لە كەسێك كە خۆی بە گەورەتر بزانێ، مەجبوور نابێ. توانای ماددی بۆ هاووڵاتی دەگەڕێتەوە و هاووڵاتی دەبێ بە خاوەنی ئیرادەی خۆی و خاوەنی حیسابی بانكیی خۆی. جگە لەوە چەندین خزمەتگوزاری هەیە كە لە هەژماری من بۆ هاووڵاتی پێشكەش دەكرێت. وابزانم 19 خەدەماتی جیاواز هەیە كە یەكێك لەوانە وەرگرتنی قەرزە. هاووڵاتی دەتوانێ قەرز وەربگرێ لە بانك، دەتوانێ ئیشوكار بۆ خۆی بدۆزێتەوە و لەوانەشە بتوانێ بزنسێك بۆ خۆی ڕێك بخات و بە مروری زەمان لەوانەیە دواتر بتوانێ پەرەی پێ بدات و گەورەتری بكات.”
راشی گهیاند: “لە لایەكی ترەوە دەتوانێ وەكوو هەموو كەسێك لە دونیای پێشكەوتوو، سوود لە خزمەتگوزاریی بانكی وەربگرێت. دەتوانێ لە جیاتی ئەوەی بە پارەی كاش تەعامول بكات، بە كرێدیت كار تەعامول بكات، نەك تەنیا لە كوردستان، لە دەرەوەی كوردستانیش. یانی پرۆژەیەكە تەنیا لە خزمەتی هاووڵاتیدایە، من نازانم بۆ دژایەتیی دەكەن؟ ئەوەی دژایەتیی دەكات و ئەوەی دژی پرۆژەی (هەژماری من) قسە دەكات، باوەڕ بكە یان لێی نازانێ، یانیش ئەوەیە كە نایەوێ هاووڵاتی خاوەن بڕیاری خۆی بێ و دەیەوێ دائیمەن وەكوو حزبی سیاسی هاووڵاتی بەكار بهێنێت، تۆ دەبێ ئەوەم بۆ بكەی ئەگینا مووچەت نادەمێ، تۆ دەبێ لەگەڵ من بی ئەگینا تەعینت ناكەم. ئەمجارە ئێمە هاتووین بە هاووڵاتی دەڵێین كەس خاوەنی تۆ نییە و خۆت خاوەنی خۆتیت، خوا خاوەنی تۆیە و خۆت خاوەنی خۆتیت، حكوومەت لە خزمەتی تۆدایە و ئەم پرۆژەیە بۆ تۆیە. دەچی مووچەی خۆت وەردەگری سەری مانگ، هیچ كەسێك نە ڕێگریت لێ دەكات، نە دەتوانێ گەورەییت بەسەردا بكات، بە پێچهوانهوه تۆ دەبیتە خاوەنی بڕیاری خۆت و خاوەنی دەسەڵاتی ماددی خۆت، بۆیە من داوا دەكەم هاووڵاتیانی خۆشەویست بە پەرۆشەوە، ئێوە نەك تەنیا بۆ فەرمانبەرانی حكوومەت، بەڵكوو هەموو هاووڵاتیی ئاسایی دەتوانێ بچێ و بەشدار بێ لەوەی كە حیسابی بانكی بۆ خۆی بكاتەوە و ببێ بە خاوەن كرێدیت كارت و خاوەنی (هەژماری من) كە بێگومان ئەمە دەتوانێ یارمەتیدەرێكی باش بێت لەسەر ئاستی شەخسی و لەسەر ئاستی حكوومەتیش ئەمە دەتوانێت بووژانەوەیەكی یەكجار گەورەی ئابووری لە هەرێمی كوردستان دروست بكات.”