پەیامێک لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییەوە لەبارەی “هەژماری من”
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە ڕوونکردنەوەکەی ئەمڕۆی دادگای باڵای فیدراڵی دەکات و جەخت دەکاتەوە، “ئەم پێشکەوتنەی ئەمڕۆ، زیاتر هانمان دەدات تا پرۆسەی #هەژماری_من خێراتر بکەین و بەڵێنەکەمان جێبەجێ بکەین کە تا کۆتایی ئەمساڵ، یەک ملیۆن مووچەخۆر ببن بە خاوەن هەژماری بانکی. هەروەها دڵنیایی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەدات و ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی دیکە خۆش دەکات”.
ئەمەش دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە :
پێشوازی لە ڕوونکردنەوەی ئەمڕۆی دادگای باڵای فیدراڵی دەکەم سەبارەت بە بەشداربوونی بانکە حکومی و تایبەتەکان لە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان، #هەژماری_من.
وەک هەمیشە داکۆکیم کردووە، دەبێت هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەمان مافی بەشەکانی دیکەی عێراقیان هەبێت لە هەڵبژاردنی بانکی دڵخوازی خۆیان بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان، بەو مەرجەی بانکەکان لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق @CBIiraq مۆڵەتیان پێبدرابێت و پەسەند کراو بن. ڕوونکردنەوەکەی ئەمڕۆ ئەو مافە بنەڕەتییە دووپات دەکاتەوە.
داوا لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەم بە زووترین کات خۆیان تۆمار بکەن.
ئەم پێشکەوتنەی ئەمڕۆ، زیاتر هانمان دەدات تا پرۆسەی #هەژماری_من خێراتر بکەین و بەڵێنەکەمان جێبەجێ بکەین کە تا کۆتایی ئەمساڵ، یەک ملیۆن مووچەخۆر ببن بە خاوەن هەژماری بانکی. هەروەها دڵنیایی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەدات و ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی دیکە خۆش دەکات.