دوو لە سووتێنەرانی بازاڕەکانی هەولێر و دهۆک ئەندامی یەکەی حەفتا و دژە تیرۆری سلێمانین و سەر بە پەکەکەن

هێمن میرانی، سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوو لە سەرپەشتیارانی سووتاندنی بازاڕەکانی هەولێر و دهۆک و کەرکووک چەند ناوچەیەکی دیکە، بە ناوی هونەر فەخرەدین ئەحمەد، کارمەندی یەکەی حەفتایە و یەکێکی دیکەیان ناوی محەممەد نەجات حەسەنە ئەفسەری دژە تیرۆرە لە سلێمانی، ئەمانە لە لایەن ڕاهێنەرانی چەکداریی پەکەکەوە ڕاهێنانیان پێ کراوە بۆ ئەوەی ئەو کارە تیرۆریستییانە بکەن.

هێمن میرانی، سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسە هاوبەشە ڕۆژنامەوانییەکەی لەگەڵ گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە بەغدا دەربارەی بە لیکۆڵینەوەکان سەبارەت بە ئاگرکەوتنەوە و سووتانی بازاڕەکانی لەنگە و قەیسەری هەولێر و بازاڕی چەلێی دهۆک، ڕایگەیاند.

هێمن میرانی گوتی: ماوەیەکە  ئاگرکەوتنەوە و سووتانی بازاڕەکانی هەولێر و دهۆک و کەرکووک و چەند ناوچەیەکی دیکە بووەتە جێگەی پرسیار؛ پرۆسەی لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوانە و دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان بە هاوبەشی لە نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد و  ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆکوەزیران، محەممەد شییاع سوودانی و سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی چاودێری هەنگاوکانی لێکۆڵینەوەکان دەکرا، پاشان وەزیرانی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی وردی لێکوڵینەوەکان و گەیشتن بە دەرەنجامەکانیان کرد، هەربۆیە ئەوەی دەخرێتەڕوو ئەنجامی کارێکی هاوبەشی هەردوو حکوومەتە.

میرانی گوتیشی: دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد، توانرا دەستمان بگات بە تۆڕێکی تاوانکاری کە لە ماوەی ڕابردوو زیانێکی زۆریان بەهاووڵاتییانی هەولێر، دهۆک و کەرکووک و چەند ناوچەیەکی دیکە گەیاندوە.

هەروا ڕاشیگەیاند، “دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد، دەرکەوت ئاگرکەوتنەوەکان ڕووداوی سروشتی و ئاسایی نەبوون، بەڵکو ئامانجەکەی لێدانە لە ئابووریی هاووڵاتییان، توڕەکردنی خەڵک و بڕینی سەرچاوەی قووتی هاووڵاتییانە، بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە پەیوەندییەکانی نێوان هاووڵاتییان حکوومەت تێک بدەن”.  

لە ئەنجامی ئەو دانپێدانانەی لەلایەن هەردوو تیمی هاوبەشی لێکۆڵینەوەکان هەیە، ڕێکخراوی پەکەکە لە پشتی ئەو ڕووداوانەیە، سێ لە تاوانبارانەی لێرەن؛ لەمانە یەکێکیان سەرپەشتیکارە ناوی هونەر فەخرەدین ئەحمەدە، کارمەندی یەکەی حەفتایە و ئەوەی دیکەیان ناوی محەممەد نەجات حەسەنە ئەفسەری دژە تیرۆرە لە سلێمانی (CTG)، ئەمانە لەلایەن پەکەکە تەجنید کراون و ڕاهێنەرانی چەکداریی پەکەکە لە تورکیا، سووریا و قەندیلەوە هاتوون و لە کفری، لە سلێمانی، لە سەنگەسەر ڕاهێنانیان پێیان کردووە بۆ ئەوەی ئەو کارە تیرۆریستییانە بکەن.

دڵخوازەكانتان