وتەبێژی کۆمیسیۆن : ئامادەین لە وادەی دیاریکراو هەڵبژاردن بکەین
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ئامادەین بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەو وادەیەی کە دیاری کراوە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت : ئامادەین لەو وادەیەی کە ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاری کردووە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە ببەین.
ئەمەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ چوارشەممە (26ـی حوزەیرانی 2024) مەرسوومی هەرێمی بۆ دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەرچوو، کە بڕیاڕە ڕۆژی (20ـی تشرینی یەکەمی 2024) هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، “ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ پێشوازی لە وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات کە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دیاری کراوە”