دانا غاز هەناردەکردنی غازی لە کێڵگەی کۆرمۆڕەوە وەستاند، و 2000 مێگاوات کارەبا کەم بووەوە
كۆنترۆڵی كارەبای سلێمانیش دەڵێت:” بەهۆی كوژانەوەی گشتییەوە كارەبا لە زۆربەی شوێنەكان نییە
بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی كارەبای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی كوژانەوەی گشتییەوە لە كۆمپانیای داناغاز، بەرهەمهێنانی كارەبا كەم بووەتەوە و ناتوانرێت بەرنامەی دابەشكردنی كارەبا جێبەجێ بكرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی، ئاگادارییەكی بەپەلەی كۆنترۆڵی كارەبای سلێمانیی بڵاو كردووەتەوە دەڵێت :” كاتژمێر 9:00ی بەیانیی ئەمڕۆ، لە كۆمپانیای داناغاز بە هۆكارێكی نادیار كوژانەوەی گشتی بەهۆی دابەزینی پەستانی غاز ڕووی داوە، بەوەش بەرهەمهێنانی كارەبا كەم بووەتەوە و ناتوانرێت بەرنامەی دابەشكردنی كارەبا جێبەجێ بكەین.”
باسی لەوەش كردووە ئێستا زۆربەی فیدرەكان بە هۆڵەكانی تاقیكردنەوەشەوە كوژاونەتەوە، تا ئەو كاتەی كێشەی داناغاز چارەسەر دەبێت و بەرهەمهێنانی كارەبا ئاسایی دەبێتەوە.
هاوكات وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا هاتووە: “كاتژمێر 9:00ی بەیانیی ئەمڕۆ، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە، دانا غاز هەناردەکردنی غازی لە کێڵگەی کۆرمۆڕەوە وەستاند، بەهۆیەوە 2000 مێگاوات کارەبا لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کەم بووەوە، هەردوو تیمی وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ڕێگەی سەنتەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمەوە لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە و ئاساییبوونەوەی دۆخی کارەبا.